"کار بۆ ئاوەدانی مووسڵ دەکەین"
_(13)__2021_10_03_h15m13s26__ER.jpg)
مووسڵ -KDP.info- کاندیدی ژمارە ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی دووی مووسڵ گوتی، بەڵێن بێت بچینە بەغدا کار بۆ داواکاریی خەڵکی سنووری مووسڵ دەکەین، بۆ ئەوەی ناوچەکانیان ئارام بێتەوە و ئاوەدان بکرێتەوە و پێشمەرگە بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە، چونکە ئومێدێکی زۆریان بە کاندیدانی پارتی ھەیە و زۆریش پێ دڵخۆشن.
کاڤین شێخ سەعید، کاندیدی ژمارە ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی دووی مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بازنەی ئێمە تەنھا کوردی لێ نییە و چەند پێکھاتەوە و نەتەوە لە خۆی دەگرێت، وەکوو کورد و عەرەب و شەبەک و تورکمان و کوردانی ئێزدی و بەپێی ئەو سەردانانەی ئێمە دەیکەین بە شێوەی مەیدانی پێشوازییەکی زۆر باش لە کاندیدانی پارتی دەکرێت لەلایەن ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانەوە.''
کاڤین مزووری باسی لەوەش کرد: ''ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان زۆر پشتگیری لە ئێمە دەکەن و زۆر دڵخۆشن بەوەی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانین، بۆیە بەڵێنی زۆریان پێ داوین کە پشتگیریمان بکەن و دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئارامی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە، چونکە دوای نەمانی دەسەڵاتی کوردی لەو ناوچانە، ئارامییش نەماوە، بۆیە ئەزموونیان لەگەڵ پارتی ھەیە و پشتگیری لە پارتی دەکەن بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانی ئەوان بکات لە بەغدا و لە ناوچەکەش.''
کاڤین شێخ سەعید گوتیشی: ''کە ئەوان ئەو متمانەیە بە ئێمە دەکەن، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندوون کە بەڵێن بێت بچینە بەغدا داکۆکیکارێکی سەرسەخستی خەڵکی ناوچەکە بەگشتی دەبین بە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانەوە و ئەوانیش دەزانن ئێمە بچینە بەغدا خزمەتیان دەکەین و کار بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان دەکەین و کاری سەرەکیمان گەڕاندنەوەی ئارامی و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەبێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە و ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە.''
بڵند ئیبراھیم




