سبەی دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت
__2021_10_03_h14m36s19__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر گوتی، بڕیارە سبەی دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان بەسەر ھاووڵاتیاندا بکەن، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتەکەی دابین کردووە و سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێدەکەن.
ئاری کاکەشین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "لەسەر فەرمانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتی سپیمان بۆ دابین کراوە و سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکەین لە ناوچە شاخاوییەکان، تەواوی ئامادەکارییەکانیش کراون و سەرەتاش لە سیدەکان دەست پێدەکەین، کە رۆژانە ٣٠٠ھەزار تا ٤٥٠ھەزار لیترمان بۆ دێت، بۆیە رێژەیەکی زۆر باشە و بەو جۆرە بێت دەتوانین لەناو ھەولێریش دابەشی بکەین".
کاکەشین گوتیشی: "ماوەیەکە نەوتمان بۆ دێت و ئێستا بۆ دابەشکردن ئامادەیە، کە بۆ ھەر خێزانێک ٢٠٠ لیتر نەوت دەبێت و نرخەکەشی ٥٥ هەزار دینارە و ئەمجارەش لە ھەموو پارێزگاکان یەک شێوازی دابەشکردنی نەوت دەبێت".
ناوسراو باسی لەوەش کرد: "ئەمساڵ بۆ ئەوەی بتوانین نەوت بەسەر ھەموو خێزانەکانی سنووری ھەولێر بە گشتی دابەش بکەین، پێویستمان بە ٩٤ ملیۆن لیتر نەوتی سپی ھەیە".
دەشڵێ: "ھەموو بریکارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، کە ئامادە بن بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان بکرێت".
بڵند ئیبراھیم




