نێچیرڤان بارزانی: پارتی پێشبینی ئەوە دەکات لەو هەڵبژاردنەدا دەنگەکانی زیاد بکات

دهۆک-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی لە هەڵمەتی بانگەشەی پارتی بۆ لایەنگرانی حیزبەکە لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەڵێت، بەردەوام لەگەڵ نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە پەیوەندیدان و کاردەکەن بۆ رزگارکردنی "ئەو خوشک و برا ئێزدییانەی" لەژێر دەستی داعش ماون و، "نابێت خەڵکی شنگال وەک کەرەستەیەک لە ململانێی سیاسیدا بەکاربهێندرێن".
لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک لەگەڵ کادر و بەشێک لە ئەندامانی حیزبەکەی لە سنووری پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، "دیداری ئەمڕۆم لەگەڵ ئێوەی هێژا لە سنووری شنگال و مووسڵ بۆ من زۆر تایبەت بوو.. چونکە ئێوە نوێنەرایەتیی دەڤەرێکی زۆر رەنگینی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکەن."
پارێزگای نەینەوا لەڕووی نەتەوەیی و ئایینیشەوە فرەڕەنگە، جێگری سەرۆکی پارتی بە ئاماژە دان بەو فرەڕەنگییە دەڵێت، "کورد و عەرەب، شەبەک، ئاشووری، سریان، کلدان، تورکمان، موسڵمان، ئێزدی، کریستیان، کاکەیی، سوننە و شیعە پێکەوە لەو سنوورە هەن و پێکەوە دەژین، ئەوە ئەو تابلۆ جوان و رەنگینەی پێکەوەژیانە لە کوردستان، لە پارتی و ئێوە پیرۆز بێت. ئەوە دەوڵەمەندییەکی زۆر گەورە و بەهادارە، جێی شانازی و رێز و پێزانینی ئێمە و جیهانیشە".
لە هەڵبژاردنی 2018دا، بەشێکی زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی کە لەنێو مووسڵ و دەوروبەریدابوون نەیاندەتوانی دەنگ بدەن، بەشێکیش کە ئاوارەبوون لە سنووری پارێزگای دهۆک دەنگەکانیان سووتێندران، بەڵام ئەمجارە پارتی هەم لەنێو مووسڵ بانگەشەی خۆی دەکات، هەم رێکارەکانی کۆمیسیۆن بە شێوەیەکە کە ئاوارەکان دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن و دەنگەکانیان وەکو جاری پێشوو نەسووتێندرێت.
لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا توانیی 149 هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، پارتی پێشبینی ئەوە دەکات لەو هەڵبژاردنە دەنگەکانی زیاد بکات، بۆ ئەو هەڵبژاردنەش لە هەر 8 بازنەکەی ئەو پارێزگایە 14 بەربژێری هەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "راستە لەبەر کۆرۆنا لەمێژە یەکدیمان نەبینیوە، بەڵام بڕوا بکەن هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەو سنوورە بە تایبەتی کۆمەڵکوژیی شنگال، خوشک و دایک و برایانی رفێندراوی رزگار نەکراو، وێرانی دەڤەری شنگال، رەوشی دەشتی نەینەوا و مووسڵ، بەردەوام بەشێک بووە لە گوتوبێژەکانی ئێمە لە کوردستان و لەگەڵ بەرپرس و سەرکردە جیهانییەکانیشدا. بەردەوام ئەوە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆیەکانمان بووە."
لەبارەی ئەو هێرشەی داعش کە لە 03-08-2014 کردی سەر شنگال و بووە هۆی ئاوارەبوونی سەتان هەزار و رفاندنی هەزاران ئێزدی، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "هەموو جیهان دەزانێت داعش چەندە دڕندەیە، بەڵام دڕندەیی داعش بەرامبەر ئێوە، بەرامبەر خەڵکی خۆشەویستی شنگال بێوێنە بوو. خودا هاوکاری ئێوە و هەموومان بێت بۆ رزگارکردنی ئەو رفێندراوانەی هێشتا رزگار نەبوونە، هەروەها خودا هاوکار بێت بۆ ئاوادانکردنەوەی شنگال و ئەو شوێنانەی تێکدراون."




