خەڵکی سلێمانی سوپڕایزی بۆ پارتی دەبێت

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە سلێمانی، گەشبینە بە سەرکەوتنی پارتی لە سلێمانی و دەشڵێ، سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە سنووری سلێمانی یەکلا بووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەوانەی تای ھەڵبژاردنیان گرتووە و پەلاماری پارتی دەدەن، لە ئێستاوە ھەست بە شکستی خۆیان دەکەن.
رزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە سلێمانی: "بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، تا ئێستا بانگەشەی پارتی لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و رۆژانە ئۆرگانەکانی پارتیمان خەریکی کەمپینی بانگەشەن لە ھەموو دەڤەرەکان، لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا خەڵکی سلێمانی سوپڕایزی بۆ پارتی دەبێت و پێشبینیی بەدەستھێنانی ژمارەیەک کورسی دەکەین لە سنووری سلێمانی".
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "ئێمە کار بۆ سەرخستنی ھەر پێنج کاندیدی پارتی دەکەین لە ھەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن لە سلێمانی، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە یەکلا بووەتەوە، ئومێد بەخشە و پارتی ژمارەیەک کورسی بەدەست دێنێ، ئەگەر ھەر پێنجیش سەرنەکەون".
گۆران ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "راستە لایەنەکانی دیکە لە سلێمانی رۆژانە ھێرش دەکەنە سەر پارتیمان، بەڵام پارتی خۆی ناخاتە ئەو ئاستەی وەڵامی ھەموو خەڵک بداتەوە، ئێمە بە مێژوو و کردارەکانمان سەلماندوومانە کە چیمان بۆ خەڵکی کوردستان کردووە، بەداخەوە ھەر کاتێک ھەندێ ھێز ھەست بە شکست دەکەن، پەلاماری پارتیمان دەدەن، ئەوەش لای ئێمە بە تای ھەڵبژاردن ناسراوە و چەند رۆژێکی دیکە بۆ کوردستان ئاشکرا دەبێت پارتی چییە و ئەوانیش چین".
ناوبراو روونیشی کردەوە: "رۆژانە ئێمە خەڵکی بێلایەنی سلێمانی دەبینین و ئەوان بڕیار لەسەر حوکمی پارتی و لایەنەکانی دیکە دەدەن و خەڵکێک تێگەیشتووە لە سلێمانی ئەوەی دەکرێت لە ئەنجامی چییەوە سەرچاوەی گرتووە".
قائید میرۆ




