٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدێکی پارتی: دەبینە دەنگی پاڵپشتی بۆ پێکھاتەکان لە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوە دەکات، ''پێکھاتەکان پشتگیری لە ئێمە دەکەن بۆ ھەڵبژاردن و ئێمەش لە بەغدا دەبینە دەنگی پێکھاتەکان و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین.''

عەبدولسەلام شەعبان بەرزنجی، کاندیدی ژمارە ٢٧ی پارتی لە بازنەی دووی پارێزگای مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەشتی نەینەوا پشتگیرییەکی بەھێزیان لێ دەکرێت، چونکە ھەموو پێکھاتەکان و نەتەوەکان پاڵپشتی لە کاندیدانی پارتی دەکەن، بۆیە ئومێدێکی زۆرمان ھەیە کە پارتی ئەم جارە دەنگێکی زۆر بەدەست بێنێت و ببێتە نوێنەری خەڵک و کار بۆ مافەکانی خەڵک بکات لە بەغدا بە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانەوە، ئەوان متمانە بە ئێمە دەکەن و ئێمەش دەبینە دەنگی ئەوان لە بەغدا.''

عەبدولسەلام شەعبان بەرزنجی گوتیشی: ''داواکاریی ھەرەسەرەکیی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە، بۆیە کاری جددی دەکەین بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠جێبەجێ بکرێت، چونکە بەو ماددەیە زۆرینەی داواکاریی ئەوان جێبەجێ دەکرێت و ناوچەکان دەگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''

بەرزنجی باسی لەوەش کرد: ''چەندە لە ھەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، جەماوەری پارتی زیاتر دەبێت، چونکە خەڵک بەو قەناعەتە گەیشتووە کە ئەگەر پارتی لە ناوچەکە نەبێت، ئارام نابێت و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیشیان ئەستەم دەبێت.''

گوتیشی: ''ئەو متمانەیەی ئەو خەڵکە، بە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانەوە بە پارتییان هەیە، سەرچاوەی لەوە گرتووە کە ڕابردووی پارتی ھەمووی خەبات و خزمەتکردنی خەڵک بووە بەبێ جیاوازی.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار