کاندیدی پارتی لە ئەنبار: عەرەب بە لێشاو دێنە نێو ڕێزەکانی پارتییەوە

ئەنبار-KDP.info- پارێزەر جاسم ئەلعیساوی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنبار دەڵێت، خەڵکێکی زۆر لە ئەنبار متمانەیان بە پارتی و سەرۆک بارزانی هەیە، چونکە سەرۆک بارزانی بوو هەموو دەرگاکانی کوردستانی بە ڕووی ئاوارە عەرەبەکاندا کردەوە و هیچ جیاوازییەکی لە نێوان هیچ پێکهاتەیەکی عێراقیدا نەکرد.
پارێزەر جاسم ئەلعیساوی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خەڵک متمانەیان بە پارتی و سەرۆک بارزنی هەیە کە توانییان بە بودجەی ١٢٪ هەرێمەکەیان ئاوەدان بکەنەوە و خەڵکیش هۆشیارە و دەزانێت کێ خزمەت بە خەڵکی دەکات، بۆیە دەنگی پێ دەدەن.''
ئاماژەیشی دا: ''خەڵکی ئەنبار و فەلووجە متمانەیەکی گەورەیان بە پارتی هەیە و بە هەزار کەس بە لێشاو دێنە نێو ڕیزەکانی پارتی و دەیانەوێت لەم حزبە گەورە و پڕسەروەرییەدا خزمەت بە شارەکەیان بکەن.''
ناوبراو ئاماژەیشی دا: ''سەرۆک بارزانی پێی ڕایگەیاندووین خزمەت بە خەڵکی شارەکە بکەین و خەڵکیش زۆر کەیفخۆشە بە هاتنی پارتی بۆ پارێزگای ئەنبار و خەڵکی ئەنبار و فەلووجە دەزانن پارتی و سەرۆک بارزانی دەیانەوێت خزمەت بە هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکەن.''
كـاروان بــاعەدری




