مامۆستایانی ئەیلوول دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەن

ھەولێر-KDP. info- مامۆستایانی شۆڕشی ئەیلوول دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەن و سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی ئەیلوولیش دەڵێت، ''ئێمە ٥٠٠ مامۆستای شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بڕیارمان داوە پشتگیری لە کاندیدانی پارتی بکەین بۆ پەرلەمانی عێراق.''
زرار سابیر سەلتە، سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی ئەیلوول، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە مامۆستایانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تەنیا ٥٠٠ مامۆستا لە ژیاندا ماون و بڕیارمان داوە ھەموومان بە خێزانەوە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین و پشتگیریی پارتی دەکەین بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.''
زرار سابیر سەلتە گوتیشی: "ئەوەی ئەمڕۆ بەرھەمی دوێنێیە و مامۆستایانی شۆڕشی ئەیلوول ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبووە لە پەروەردەکردنی میللەت لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا و نامانەوێ ئەو خەبات و قوربانیدانەی ئێمە بەفیڕۆ بچێت، ئەگەر دوێنێ بە پەروەردە و زانست خزمەتی میللەتمان کردبێت، ئەمڕۆ بە دەنگدان خزمەتی میللەتی خۆمان دەکەین.''
فەرید بارزانی، مامۆستای شۆڕشی ئەیلوول، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پشتگیریی ئێمەی مامۆستایانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئەوەیە کورد بە بەھێزی بمێنێتەوە و بڕیارم داوە دەنگ بە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەم، ئێمەی مامۆستایانی شۆڕشی ئەیلوول دەمانەوێت پارتی سەر کەوێت بۆ ئەوەی زیاتر بەرگری لە دەستکەوتەکان بکات.''
قائید میرۆ




