گەنجانی بیتوێن و پشدەر: پارتی تاکە لایەنی جێگەی متمانەی ھاووڵاتییانە
__2021_10_02_h15m30s57__ER.jpg)
ڕانیە-KDP.info- گەنجانی بیتوێن و پشدەر دەنگیان بۆ کاندیدانی پارتییە و ھۆکاری ھەڵبژاردنی پارتییش بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێننەوە، پێشیان وایە تاکە لایەنە یەکڕیزیی خۆی پاراستووە و ھێز و دەسەڵاتی بۆ خزمەتی کوردایەتی بووە.
شازاد محەمەد، گەنجێکی دانیشتووی ئیدارەی ڕاپەڕینە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی تاکە پارتی سیاسیی کوردستانە کە توانیویەتی بوونی کورد لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بە جیھانی دەرەوە ئاشنا بکات، بەتایبەت سەرکردایەتیکردنی پرسی سەربەخۆیی و لەئەستۆگرتنی ھەموو ناخۆشییەکان و ڕانەکردن لە بەرپرسیارەتی و خزمەتکردنی نیشتمان کاری لەپێشینەی پارتی بوو، بۆیە دەنگم بۆ پارتی و سەرۆک بارزانییە.'' ھاوکات داوا لە ھاوشارییانی دەکات و دەڵێت: ''ئەگەر دەتانەوێت کوردستانێکی بەھێزمان ھەبێت، شکۆی نەتەوەییمان بۆ ھەمیشە پارێزراو بێت، پاراستنی سنوورەکانمان لە نەیارانمان لە پێشینەی ھەموو کارەکانەوە بێت، دەنگ بدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان".
منەوەر حوسێن، خانمێکی دانیشتووی قەڵادزێیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی یەکەمین قەوارەی سیاسییە لە کوردستان کە لە ئێستا و ڕابردوودا یەکڕیزیی خۆی پاراستووە، ھاوکات پارتی ھێز و دەسەڵاتی بۆ خزمەتی کوردایەتی بووە و جیاواز لە لایەنەکانی تر جێگەی متمانەی ھاونیشتمانییان بووە و لە ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانی ڕا ناکات، ھەروەھا پارتی پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ دەوڵەتاندا ھەیە، بۆ ئەوەی مافم وەک تاکێکی کورد پارێزراو بێت و بوونم ھەبێت، دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەم".
منەوەر وەک گەنجێکی پشدەر، پەیامێکی ھەیە بۆ ئافرەتان و دەڵێت: "پەیامی من وەکوو ئافرەتێک لەم دەڤەرەدا کە دەسەڵاتی زۆنی سەوز دەسەڵاتداری دەکات ھیچ خزمەتگوزارییەکی نییە، ھەروەھا بۆ ئەوەی ھەلی کار و خۆشگوزەرانی بگەڕێتەوە بۆ قەڵادزێ و گەندەڵی بنبڕ بکرێت، بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێزتر دەنگ بدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان".
یەعقووب عەبدوڵڵا، ھاووڵاتییەکی دانیشتووی ناحیەی حاجیاوایە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەپێناو کوردستانێکی بەھێز و باشتر، پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵدەبژێرم بۆ نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا، چونکە ھەرکات پارتی ڕێژەی کورسییەکانی زیاتر بێت، کورد بەھێزتر دەبێت لە بەرانبەر لایەنەکانی تر، بۆیە پارتی ھەڵدەبژێرم، چونکە داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەی مافەکانی کوردە.'' ئەو ھاووڵاتییەش داوایەک لە کاندیدانی پارتی دەکات و دەڵێت، بەرگریکارێکی ڕاستەقینە بن لە مافەکانی کورد و ھەوڵی دابینکردنی ھەلی کار بدەن بۆ گەنجان.
بەھجەت عەلی، گەنجێکی دانیشتووی شاری ڕانیەیە، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک گەنجێک بەشداری دەکەم لە پڕۆسەی دەنگدان، ئەمەش بۆ ئەوەیە ئەو لایەنەی مەبەستمە وەک ھەمیشە بەھێزترین لایەن بێت، ھاوکات بەو بەھێزییەی داکۆکی لە مافەکانی کورد بکات لە عێراق، ئەو لایەنەش پارتییە، چونکە پارتی لە ئێستا و لە ڕابردووشدا خاوەن و خەمخۆری میللەت بووە، نەک بۆ ئەوەی دوو ڕۆژ زیاتر لە دەسەڵات بمێنێت، خاکی بفرۆشێت، یان دژی مافی کورد بوەستێت".
ھەڵکەوت محەمەد




