ھۆشیار زێباری: پێویستە ھۆشیار بین.. وەڵاممان بۆ ھەمووان ھەیه

دھۆک-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دھۆکی رەنگین ناسراوە بە بنکەی سەرەکیی پارتی، بۆیە پێشبینی دەکەین خەڵکی ناحەز زۆرترین سکاڵا لەسەر کاندیدانمان تۆمار بکەن، کە پارتی بە بنکەی خۆی دەزانێت، بۆیە پێویستە ھۆشیار بین.
سەرۆکی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھۆشیار زێباری، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سڵاوی سەرۆک بارزانی بۆ خەڵکی دەڤەری دھۆک و خوشک و برایانمان لە دھۆکی خۆڕاگر، لەمەودوا بانگەشە گەرمتر دەبێت و تا ئێستا زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت بە شێوەیەکی مەدەنی و شارستانی و بێ ئیستفزار و بێ یەکترشکاندن، ئەگەر تێبینی بکەن ئێمە وەکو پارتی وەکو سیاسەتێک و مەنھەجێک قەت ھەوڵمان نەداوە تووشی ھیچ شەڕێکی لابەلا بین، ھەر چەند زۆر خەڵک ھەیە چەند رۆژە موزایەدەمان بەسەردا دەکات و تەعدامان لەسەر دەکات، ئێمە خۆمان راگرتوو و بەسەبرین و وەڵامیان نادەینەوە، ئێمە وەڵاممان بۆ ھەمووان ھەیە، بەڵام ئەمە بەشێک لە مەنھەجی ئێمەیه تا ئێستا پابەندبوونێکی باش ھەیە و بانگەشەیەکی تەندروست و باش دەکرێت".
زێباری گوتیشی: "ئێمە دەزانین چ ھەنگاوێک چ کاتێک دەنرێت، بەڵام ئەو رۆژانە وەکو گوتم بانگەشە زیاتر و گەرموگوڕتر دەبێت، چونکە نزیک دەبینەوە و چەند رۆژێکمان ماوە بۆ دەنگدانی گشتی و ئەو کاتەش باشە و ھەندێک بڕیاری پێویستە، پرسیارێکی سەرەکیش هەیە، ئایا دەنگی ئێمە گرنگە؟ بەشدار بین یان نا؟ بە راستی ھەر دەنگێک گرنگە و بەشداربوون زۆر گرنگە بۆ خودی دەنگدەر و مەبەستی چییە لەو ھەڵبژاردنە کە ئەو پێشکەوتن و سەقاگیری و دۆخەی ھەیە، نوێنەرەکان بیپارێزن و باشتری بکەن، راستە گازندە ھەیە، بەڵام ئێمە نەبین خراپتر دەبێت و ئەوانەی ئێمە دیاریمان کردوون، کاندیدی پارتی و بارزانین و ھی عەشیرەت و ناوچەیەک نین، ئەوانەش لەسەر بنەمای تەنزیماتەکانی خۆمان دیاری کراون و ئەوان ئەو ناوانەیان بە ئێمە داوە و رەنگە خەڵک تێبینیی ھەبێت، بەڵام کاتی نییە و ئەو ١١ کاندیدە لە سنووری دھۆک جێی باوەڕی سەرکردایەتیی پارتی و حیزبن و ئەو فەترەیەی ماوە بە رای ئێمە گرنگە کاندید و حیزبییەکان و سیاسییەکان بچنە ناو خەڵک، بۆیە ئەو رۆژانەی ماون زۆر گرنگە خەڵک ھان بدەین بچنە سەر سندووقی دەنگدان، ئەو ھەڵبژاردنەش جیایە لەگەڵ رابردوو، چونکە چاودێرییەکی توندی لە ناوخۆ و دەرەوە دەکرێت".
دەشڵێ: "لە ھەموو ھەرێم، دھۆکی رەنگین ناسراوە بە بنکەی سەرەکیی پارتی، بۆیە پێشبینی دەکەین خەڵکی ناحەز زۆرترین سکاڵا لەسەر کاندیدانمان تۆمار بکەن کە پارتی بە بنکەی خۆی دەزانێت، بۆیە پێویستە ھۆشیار بین، رەنگە ئەمجارە پێشێلکاری نەکرێت، ئێمە باوەڕمان بە خەڵکی خۆمان ھەیە و دەتوانین خەڵکی خۆمان ببەینە سەر سندووقی دەنگدان، کە لەو ڕووەوە کێشەمان نییە و کاری باشیش کراوە، بۆیە ئەوەی پێویست بێت بۆ سەرکەوتنی ھەڵبژاردن بە سەربەرزی جێبەجێی دەکەین".
بڵند ئیبراھیم




