چینوتوێژەکانی هەولێر: بەهێزیی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بەهێزیی پارتییەوە

هەولێر-KDP.info- هاووڵاتییانی هەولێر دەڵێن، کە لە پێناو مافە رەواکانی کورد و بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغدا، دەنگ بە پارتی و کاندیدەکانی دەدەن، هاوکات دەشڵێن، چەندە پارتی بەهێز بێت، ئەوا پێگەی کورد و هەرێمی کوردستانیش بەهێز دەبێت.
دەشتی سالۆ، کە ئەندازیارێکی دانیشتووی هەولێرە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، سەرنج و تێڕوانینی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەر مافە نەتەوەییەکان گرینگە، هاوکات جەختیش لەوە دەکاتەوە، دەنگدان بە پارتی و کاندیدەکانی، دەنگدانە بە مافە رەواکانی کورد.
ئەو ئەندازیارە پێیوایە، دەنگدان بە پارتی دیموکراتی کوردستان، جیا لە وەدەستهێنانی مافەکانی کورد و گەیشتن بە ئامانجەکان، کە ساڵانی رابردوو شاهێدی ئەوەن، کە لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا پێداگر بوون لەسەر مافە رەواکانی کورد، هاوکات سەرکەوتنی پارتی، هۆکاری سەرەکییشە بۆ گەشەسەندنی ئابووری و ئاوەدانی.
ئەو داوا لە هاووڵاتیانی کورد دەکات، کە لە رۆژی دەنگداندا بچنە بنکەکانی دەنگدان و لە پێناو مافەکانی کورددا، دەنگ بە پارتی و کاندیدەکانی بدەن.
ڕێبوار کاکەوڵا، هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی هەولێرە و دەڵێ، کەس لە پارتی بە کوردپەروەرتر نابینم، بۆیەشە دەنگی بۆ پارتی و کاندیدانییەتی، جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە نابێ تاکی کورد لە رۆژی دەنگداندا بە بیانووی تووڕەیی لە بوونی کەموکورتییەکان، نەچێتە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ نەدات، بەو پێیەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ عێراقە و وابەستەیە بە مافەکانی گەلی کوردستان، پێویستە بڕۆن و دەنگ بدەن، تا پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارە و، هاوکات لە روانگەی نەتەوەییشەوە بەهێز بین.
ڕێبوار دڵنیایی دەدا لەوەی کە بەهێزیی کورد و هەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە بەهێزیی پارتییەوە، هەر بۆیەشە دەنگی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانییەتی.
خێڵان بەختیار




