٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوو قوتابخانەی ١٨ پۆلی لە هەولێر کرانەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو قوتابخانەی ١٨ پۆلی لە هەولێر تەواو کران و لەلایەن وەزیری پەروەردە و پارێزگاری هەولێرەوە کرانەوە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەکاندا گوتی: ''ئەم دوو قوتابخانەیە کە دەکەونە گەڕەکی گەلاوێژی هەولێر و کۆمەڵگەی پیرزین، ماوەیەک وەستابوون، لەبەر ئەوەی زۆر پێویست بوون، سەرۆکی حکوومەت پارەی پێویستی بۆ تەواوکردنیان تەرخان کرد و ئێستاش دەکرێنەوە''.

وەزیری پەروەردە گوتیشی: ''کاروانی ئاوەدانکردنەوە بەردەوام دەبێت و هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە تەواوی ئەو پڕۆژانەی لەبەر قەیرانی دارایی وەستابوون، تەواویان دەکەین و تەواوکردنی پڕۆژەی قوتابخانەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان لەلایەن جەنابی سەرۆکی حکوومەتەوە بە شێوەیەکی باش پشتگیری دەکرێت''.

ئالان حەمە سەعید زیاتر گوتی، پێویستە مامۆستایان و قوتابییان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان بپارێزن و مامۆستایانیش پابەند بن بە وەرگرتنی ڤاکسین.

لەبارەی پشووی فەرمیی قوتابخانە حکومییەکانیشەوە، وەزیری پەروەردە گوتی:  بۆ ڕاییکردنی کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق لە 6/10 تا 12/10 پشوو دەبێت. ''ئێمە پێمان وابوو سێ ڕۆژ پێویستە بۆ کارەکانی کۆمسیۆن، دواتر داوایان کرد ماوەیەکی زیاتریان پێ بدەین، بۆیە شەش ڕۆژیان پێ دەدەین''.

هەواڵی پەیوەندیدار