٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاگرین عەبدوڵڵا: دەیان پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگاوبان لەژێر جێبەجێکردنن

سەرچاوە: KDP.info

تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەیان پڕۆژەی ڕێگاوبان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراون و بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، ئێستا چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری جێبەجێکردندان کە تەواو بن، کاریگەرییان لەسەر کەرتی ھاتوچۆ دەبێت.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانگردنەوە و نیشتەجێکردن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دەستپێکی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ تا ئێستا، ٤٨ پڕۆژەی ڕێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون و تەواو بوون، بودجەی تەرخانکراویش بۆ ئەو ٤٨ پڕۆژەیە ١١ ملیار و ٤٨٠ ملیۆن دینارە، لەو پڕۆژانە یەک ھەزار و ١٠٨ کم ڕێگا دروست کراوە؛ لە دووسایدەوە بگرە تا دەگاتە تۆنێل و ڕێگای یەکساید و پرد.''

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانگردنەوە گوتیشی: "ئێستا ١٣٢ پڕۆژەی دیکە لە بواری جێبەجێکردنن و کاریان تێدا بەردەوامە و بودجەی دوو ترلیۆن و ٩٥٠ ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە، ئەگەر ئەو ١٣٢ پڕۆژەیە کۆتایییان بێت و تەواو بکرێن ئەوە کاریگەرییەکی زۆر گەورەیان دەبێت لەسەر کەرتی ھاتوچۆ و ڕێگاوبان، چونکە ٣٧٠ کیلۆمەتر ڕێگای دووساید تەواو دەبێت لەگەڵ ١٠ کیلۆمەتری یەکساید و ٧١١ کیلۆمەتری ڕێگای گوندەکان نۆژەن دەکرێتەوە.

ئاگرین عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە پڕۆژە ستراتیژییەکانیش ژمارەیەک پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردنن، لەوانە پڕۆژەی ڕێگای کەلار-دەربەندیخان کە ٤١ کیلۆمەترە و ١٣٧ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، ھەروەھا ڕێگای کەلار-کفری کە ٢٥ کیلۆمەترە و ٥٣ ملیاری بۆ تەرخان کراوە، پرۆژەی دووکان بۆ چوارقوڕنە پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژییە، لەگەڵ دروستکردنی پردی دەربەندی ڕانیە و ڕێگای پێنجوێن-باشماخ کە ھەموویان پڕۆژەی ستراتیژین و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێن و کاریگەرییان لەسەر کەرتی ھاتوچۆ دەبێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار