کاسبکاران: بۆ ژینگەی باشتری کارەکانمان دەنگ بە پارتی دەدەین

ھەولێر -KDP.info- کاسبکارانی ھەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، بۆ ئەوەی ئارامی و ئازادیی ھەرێمی کوردستان تێک نەچێت و بەردەوام بێت، چونکە لە سایەی ئەو ئارامییە ئێستا بە ئازادی کار و کەسابەتی خۆیان دەکەن.
زیاد ئیبراھیم، خاوەن فرۆشگای کەلوپەلی خۆراکە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە لە سایەی پارتی و بارزانی بەئارامی و ئازادی لە کوردستان دەژین و شەوان بەئارامی و بەبێ ترس دەخەوین و ھەست دەکەین پارێزراوین و بەیانیان دەچینە سەر کاری خۆمان، بۆیە داواکارین کە ئەو ئارامی و ئازادییە بەردەوام بێت، ئەمەش لە سایەی پارتی ھاتووەتە ئاراوە، بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان ئەوە لەبەرچاو بگرن و ھەمیشە پارتی بکەنە نوێنەری خۆیان، چونکە تاکە حزبە بتوانێت بەرگری لە کورد بکات و بەرسینگی دوژمن بگرێت.''
سەعدوڵڵا زەنگەنە، کە کاری فرۆشتنی سەوزە و میوە دەکات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تاوەکوو نەچین بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق قەدری ئەو ئازادی و ئارامییە نازانین کە لە سایەی پارتییەوە ھاتووەتە ئاراوە، بۆیە پێویستە ھەمووان ئەوە لەبەرچاو بگرین و ھەرگیز ڕێگە نەدەین ئەو ئارامییەمان لێ تێک بچێت، چونکە ئێستا ئێمە کاری خۆمان و کەسابەتی خۆمان دەکەین، بەبێ ئەوەی ھیچ ترسمان ھەبێت و دەزانین لە سایەی پارتی و بارزانی پارێزراوین و جاری وایە شەوان دەچینە شارەکانی دیکە بەبێ ئەوەی ھەست بە ھیچ ترسێک بکەین، ئەوە کەم نییە بۆ ئێمە، بۆیە ھیوادارم خەڵکی کوردستان پارتی بەھێز بکەن بۆ ئەوەی کوردستان بەھێز و ئارام و ئازاد بێت.''
ھەر لەم بارەیەوە، ھاووڵاتی، فەرھاد ئەحمەد، کە خاوەن خواردنگەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پارتی حزبێکە ھەرگیز سازش لەسەر مافی کورد ناکات و ھەمیشە داکۆکیی لە مافی کورد کردووە و ئەو دەستکەوتانەی بەدەست ھاتوون لە سایەی پارتییە، بۆیە ئێستا ئێمە بەئارامی کار دەکەین و ئازادین و دەوروبەرمان ھەمووی نائارامە و ھیچ کات نامانەوێت ئەو ئارامی و ئازادییەمان لێ تێک بچێت، تا ماویشین دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین.''
بڵند ئیبراھیم




