مامۆستایان: پارتی بە چەكی زانست كوردستان ئاوەدانتر دەكات.. بۆیە دەنگی پێدەدەین

ھەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاران و مامۆستایان دەڵێن، پارتی دیموكراتی كوردستان لە گشت ھەلومەرجێكدا پەروەردەی لە بیر نەكردووە و بەردەوام گرینگیی بەو سێكتەرە داوە. حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش سەرەڕای قەیرانەكان، ئەولەویەتی كارەكانی بەرەوپێشچوونی پەروەردە و خوێندن بووە.
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیارانی پەروەردەی ھەولێر، فەتحی عەباس، لەبارەی گرینگیدانی پارتی بە كەرتی پەروەردە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرەتای دروستبوونییەوە بایەخێكی زۆری بە بواری پەروەردە و فیركردن داوە، چ لە شاخ و چ لە شار، نموونەمان هەیە لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوون، مامۆستایان ئەو كات وانەكانیان دەگوتەوە، كەواتە پارتی لەوساوە تا تێستا، پەروەردەی فەرامۆش نەكردووە".
ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەییە، گوتیشی: "دوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992، پارتی بایەخێكی زۆری بە پەروەردە دا لە دروستكردنی قوتابخانە و دابینكردنی گشت پیداویستییەكانی خۆیندن. باوكی نەتەوەی كورد مەلا مستەفا بارزانی دەیفەرموو: (هەر گوندێك یەك ماڵ بێ، ماڵی دووەم قوتابخانەیە)".
دەشڵێ: "پارتی پاش ساڵی 1992، دەستی كرد بە دروستكردنی قوتابخانەی دوو پۆلی لە گشت گوندەكانی كوردستان بە بێ جیاوازی و دابینكردنی مامۆستایان و دامەزراندنیان لە گوندەكان. پاشان دەستی كرد بە دروستكردنی باڵاخانە لەناو گشت شار و شارۆچكەكانی كوردستان و چاككردنی رێگاوبانەكان بۆ ئاسانكاری بۆ گەیشتنی قوتابیان بە قوتابخانەكانیان".
ناوبراو ئاماژەشی دا: "لێرەوە دەردەكەوێت، پارتی بایەخێكی زۆری بە كەرتی پەروەردە داوە، ئەمە جگە لە دەركردنی چەندین بڕیاری دروست و باش بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی پەروەردە و ناردنەدەرەوەی قوتابیان و مامۆستایان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز بۆ خزمەتكردنی بواری پەروەردە، هەروەها كردنەوەی چەندین كولێژ و پەیمانگای تایبەت بە بواری پەروەردە و رەخساندنی خۆیندن بۆ گشت چین و تویژەكان بێ جیاوازی لە گشت ناوچەكانی كوردستان، ئەو پێشكەوتنەی ئێستاش لە كوردستان هەیە، بەرهەمی ئەو بایەخپێدانەیە كە پارتی دیموكراتی كورستان بە كەرتی پەروەردە و فێركردنی داوە لە كوردستان، لە گشت كابینەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشدا، ئەندامانی لیستی زەرد داكۆكیكار بوونە بو پرۆسەی فێركردن لە كوردستان، بۆیە با بەیەكەوە دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری پەروەردە و خزمەتی زیاتر بەم كەرتە".
ھاوكات، مامۆستا پشتیوان عوسمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی ھەمیشە گرینگیی بە پەروەردە و فێركردن داوە، لە كابینە یەك لەدوای یەكانی حكوومەتی ھەرێم ھەوڵی داوە پۆستی وەزیری پەروەردە وەربگرێت، تاوەكو زۆرترین خزمەت بە پەروەردە و قوتابیان بكات لە ڕووی گۆڕینی سیستەم و دروستكردنی بینایەی قوتابخانە و دابینكردنی پێداویستیی خوێندن و چاپكردنی بەردەوامی پەرتووك و دامەزراندنی مامۆستایان و كردنەوەی خولی گەشەپێدانی مامۆستایان، چونكە پارتی پێی وایە بە چەكی پەروەردە و زانست، كوردستان ئاوەدانتر و گەلەكەی ھۆشیارتر دەبێت".
لای خۆیەوە، محەمەد زرار عەلی، فەرمانبەر لە پەروەردەی دەشتی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەرچی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئەو قەیرانە یەك لە دوای یەكانەی ڕووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بوونەوە، بە تایبەت كاریگەری لەسەر پەروەردە ھەبوو، بەڵام وەزیری پەروەردە كە لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بایەخی تەواوی بە خوێندن دا لە ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا سەرۆكی حكوومەت مەسروور بارزانی، ھەمیشە كاری بۆ پەروەردەیەكی باش كردووە بەم ھەموو قەیرانەی لە كوردستان ھەبوو، لەم یەك دوو ساڵەدا زیاتر لە پەنجا قوتابخانەی نوێ دروست كران و ٦٠٠ قوتابخانەی تر نۆژەن كرانەوە و خرانە خزمەتی قوتابیان و مامۆستایان، بۆیە دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەین".
فایزە كۆیی




