مەحموود محەمەد: ھەر حزب و کاندیدێک توێشووی پڕ بێت پڕناداتە کەس.. بە ئومێدەوە لە ئایندە دەڕوانین

شارەزوور-KDP.info- لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن لە قەزای شارەزوور، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان مەحموود محەمەد ڕایگەیاند، ئێمەی پارتییەکان شانازی بە ڕابردوو و ئێستای پارتییەوە دەکەین، ٧٥ ساڵە خەڵکی کوردستان لە دەوری ڕێبازی بارزانی کۆبوونەتەوە. دەشڵێ، پارتی و کاندیدەکانی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بۆیە دەنگ بە پارتی بدەن بۆ حکومڕانییەکی سەرتاسەری و پاراستی قەوارەی کوردستان و هەروەها خزمەتگەیاندن بەم سنوورەش.
مەحموود محەمەد دەڵێ: "دەڤەری شارەزوور لە مێژوودا ناوێکی پڕ لە ناوەڕۆکی ھەیە، کاتێک باس لە شارەزوور دەکرێت، باس لەو دەسەڵاتە دەکرێت، کە کۆکەرەوەی کوردستان بووە لە زەمانی زوودا و خەڵکێکی تێکۆشەر قوربانی داوە لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان و دەستکەوت و مافە رەواکانی خەڵکی کوردستاندا".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، پارتییەکان سەربەرزن بە پارتێکی نەتەوەیی نیشتیمانی، کە بە درێژایی دروستبوونی لە ساڵی ١٩٤٦ تاکو ئێستا ھەوڵی بەدەستهێنانی مافی خەڵکی چەوساوەی داوە، ئەو خەڵکە چەوساوەیەی بە ھەموو شێوەیەک چەوسێندراوەتەوە و ھەوڵ درا خاکەکەی تەعریب بکرێت و خەڵکەکەی ڕابگوێزرێت و بێبەش بکرێت لەو مافانەی خوا پێی داوە، بەڵام بەرەنگاربوونەوە رێگر بوو لە بەردەم پیلانی دوژمنان.
ئێوەی خۆشەویست، ھەموو گەلی کوردستان، پێکەوە سەربەرزین لە ڕێبازێکداین و پێڕەوی ڕێبازێک دەکەین، ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەخسیەتێک کە ئەوکاتەی منداڵیش تەماحی ئەوەیان ھەبووە وێنەیەکی ئەویان لە بەردەستدا ھەبێت، خەڵکی سیاسی و ڕۆشنبیر دەیانزانی ھەموویان پێویستییان بەو کەسایەتییە ھەیە سەرکردایەتیی ئەم وڵاتە و ئەم شۆڕشە بکات، ئەویش بارزانیی نەمر بوو.
ھەموومان پێکەوە پێڕەوی ئەو ڕێبازەین بە کوڕ و کچەوە، بە پیاو و ژنەوە، بە پیر و لاوەوە، پارتییەکان و پێڕەوانی ڕێبازی بارزانی، شەرمیان لە ڕابردووی ئەم حزبە و ئەو ڕێبازە نییە، چونکە دەزانن ئەم ڕێبازە و ئەم پارتییە دەستکەوتی مەزنی بۆ گەلی کوردستان بەدەست هێناوە، پارتێک لە پێناوی یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان دامەزرا، پارتێک ھەموو سنوورە جوگرافییەکان و عەشایری و دیالێکتی بەزاند و تێکەڵاوییەکی لە سەرتاسەری کوردستان دروست کرد.
مەحموود محەمەد روونیشی کردەوە: "حکومڕانیی باش و ئاوەدانی و پڕۆژە، لەو شیوێنانەی پارتی دیموکراتی کوردستان حکومڕانی دەکات، جێبەجێ دەکرێت، پلانەکانی پارتی بریتین لە ئاوەدانکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵکی و دابینکردنی خزمەتگوزاری، پارتی هەروەها دەیەوێت قەوارەی ھەرێمی کوردستان بپارێزرێت و خاکی نیشتیمان لە لەتبوون و پارچەبوون بپارێزێت، پارتی ڕوئیایەکی دروستی بۆ ژیان و سیاسەت و بابەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری پێیە کە ئومێد دەچێنێت، گۆڕانکاریی زۆر ڕوودەدات و گۆڕانکاریی زۆر خێراش بەڕێوەن، کە خۆمان بۆ ئاماددە کردوون، تا بەرەو پێشەوە بچین لە ئاستی ڕووداو و گۆڕانکارییەکاندا".
ئەوەشی خستە ڕوو: "دەبێت ئەم ھەڵبژاردنە، ببێتە ھەڵبژاردنێکی جیاواز و ئیرادەی خەڵکی تێدا بەکاربێت، کێشەکانی خەڵکی چارەسەر بکرێت و خۆشگوزەرانی بۆ دابین بکرێت، عێراق بە نەوت و ئاو و کشتوکاڵی دەتوانێت دوو دەوڵەتی وەک خۆی بژیەنێت، ئاستی ھەژاری لە عێراق لە ٣٠% تێپەڕیوە، بێکاری لە ھەندێک شوێندا ٥٠% تێپەڕیوە، داھاتی سەرزەوی و ژێر زەوی لەگەڵ توانای مرۆیی بەکار بھاتایە، دەبوو عێراق یەکێک لە وڵاتە خۆشگوزەرانەکان بووایە".
مەحموود محەمەد زیاتر دەڵی: "ئەم ھەڵبژاردنە، ھەڵبژاردنێکی گرنگە و پارتی لە ھەموو بازنەکان کاندیدی ھەیە، کاندیدی ئێوەش دکتۆر ئەشواق جافە، ئێمە تێیڕا دەبینین شەڕەکانی و قسەکانی دیار بوون لە پەرلەمانی عێراق، کە چی کردووە و لەسەر چی بەجواب ھاتووە، بۆیەش کاندید کرایەوە بەردەوام بێت لەسەر ئەو شتانەی ھەبوون تا ئیشیان لەسەر بکرێت".
گوتیشی: "ئەوەی گرنگە ئێمە لەم وڵاتەدا بە نەفەسێکی دۆستانە کاردەکەین و دەمانەوێت کاندیدەکانمان سەربخەین، بۆ ئەوەی بچن لەوێ دەستی دۆستایەتی بۆ ھەموو لایەک درێژ بکەن، دەمانەوێت پێکەوەژیان لە عێراقدا ھاوشێوەی کوردستان بێت".
ئاماژە بەوەش دەکات: "ھەڵبژاردن زۆری نەماوە و مونافەسەکان زۆرن، خەڵکی زۆر دژی ئێمە قسە دەکات، من لێرەوە دەڵێم ھەر حزبێک حەقی خۆیەتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ھەبێت و باسی ڕابردووی خۆی بکات لەوەی چی کردووە، ھەر حزب و کاندیدێکیش توێشووی پڕ بێت، پڕناداتە کەس، ئەوەی ھەیە بە خەڵکی دەڵێ من ئەوەم و بۆ ئایندەش ئەوە دەکەم، خەڵکیش لەوێوە دەنگ بەو کاندیدە دەدات، بۆیە پێویست ناکات خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا بھێڵینەوە بە قسەی زبری سەر تەلەڤزیۆن، بە ڕاستی کوردستانییان موستەحەقی ئەوە نین لە نیگەرانیدا بن، ئێمە لە پارتی بە ڕێنوێنیی سەرۆک بارزانی ئەو ڕێبازەمان گرتە بەر لەم ھەڵبژاردنەدا، بۆیە پێویستە نوێنەرایەتیی خەڵک بکەین لە بەغدا، مافەکانیان بە دەست بهێنین، ئەو مافانەش بەدەست هاتوون بیانپارێزین، ئێمە لەسەر ئەو ڕێبازەین".
دەشڵێ: "خەڵکی کوردستان لە دروشمبازیی هەندێک سیاسی و حزب و لایەن تێر بوون، کار و کردەوە و خزمەتگوزارییان دەوێت، ئەوەش لەوانەدا دەبیننەوە کە ئەزموونیان هەیە لە حکومڕانی، نەک ئەوانەی تەنها دروشمیان هەیە".
عەزیز ڕەسووڵ




