دیاری حوسێن: پارتی دڵسۆزیی خەڵکی چەمچەماڵ لەبیر ناکات

چەمچەماڵ -KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بانگەشەی پارتی بەڕێوە چوو، بەرپرسێکی پارتییش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پارتی دڵسۆزیی خەڵکی چەمچەماڵ قەت لەبیر ناکات و دەشڵێت، پارتی برادەری ھەموو پێکھاتەیەکی ڕەسەنە لە کەرکووک و بەپێچەوانەوە دژی تەعریب دەوەستینەوە.
دیاری حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لەنێو جەماوەری پارتیدا ڕایگەیاند: "پارتی دڵسۆزیی خەڵکی چەمچەماڵ قەت لەبیر ناکات و لەبیرمانە ساڵی ٢٠١٤ چۆن لە داقووق سینگتان بە گوللەوە دەنا بۆ پاراستنی کەرکووک و خاکی کوردستان، دڵنیا بن دەنگدانی ئێوە وەک ئەو گوللانەی بە داعشتانەوە دەنا، گرینگە، چونکە ڕۆیشتنی نوێنەرێکی دڵسۆز بۆ بەغدا زۆر گرینگە، سەنگەری ڕاستەقینە لە بەغدایە و لەوێوە دژایەتیمان دەکەن و پیلان دادەنێن تا خیانەتێکی دیکەی وەک ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ ناوچەکەمان وەڕێ بخەن.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "دەبێت ئێمە شانازی بە خەبات و سەرۆک و پارتەکەمانەوە بکەین، پارتی ئامادە نییە لە یەک بست خاکی کوردستان خۆش بێت، چونکە ئەمە ٧٥ ساڵە پارتی خەبات دەکات بۆ ڕزگاریی کوردستان، بە دەنگی ئێوە خوێنی پێشمەرگە دەپارێزرێت لە کەرکووک، ھێشتا عەقڵیەتێک لە عێراق ماوە کە دیموکراسی قبووڵ ناکات و مەترسی ھەیە، ھەتا لەنێو خۆیاندا یەکتریان قبووڵ نییە، چۆن ئامادەن کورد قبووڵ بکەن.''
دیاری حوسێن ڕوونی کردەوە: "ئێمە بڕوامان بە پێکەوەژیان ھەیە و ھەتا عەرەبی ڕەسەن کاندیدی ئێمەن و لەگەڵ عەرەب و تورکمانی ڕەسەنی کەرکووکیش برادەرین، بەڵام لەگەڵ خەڵکی ھاوردە نین و دژی دەوەستین، چونکە بەپێی دەستووری عێراق ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بە چەند قۆناغێکە، لەوانەش دەرچوونی ئەو خەڵکەی بە تەعریب ھاتوون و گەڕانەوەی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە، کەچی بەداخەوە ئێستاش پڕۆسەی تەعریب بەردەوامە.''
قائید میرۆ




