"ھەرێم و یەکێتی ئەورووپا پێوەندی بەھێزتر دەکەن"

هەولێر -KDP.info- تا دێت ئاستی په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و یەکێتیی ئەورووپا به‌هێزتر ده‌بێت، هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی گرنگ ده‌بینێت له به‌ره‌وپێشچوونی ئابووری و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه، جیا له خواستی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی عه‌ره‌بی و توركیا و ئێران، ئەورووپا چالاكانه هاتووه‌ته سه‌ر خه‌ت و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هەرێمی كوردستان به‌هێزتر ده‌بێت، به‌تایبه‌تی له بواری ئابووریدا.
نووسینگه‌ی یەکێتیی ئەورووپا له هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه، سه‌ردانی ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بۆ هه‌ولێر و سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەرێمی كوردستان فاكته‌ری به‌هێزن بۆ ئه‌وه‌ی دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، یەکێتیی ئەورووپا له كوردستانه‌وه زه‌نگی ئابووریی فراوان بۆ ناوچه‌كه لێ بدات، به‌شێكی گرنگی دیكه‌ی پەیوەندیی یەکێتیی ئەورووپا و هەرێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه ئەورووپا ده‌یه‌وێت خۆی له پاشكۆیه‌تیی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا ڕزگار بكات و جێگانفووزی خۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر بكات، له‌به‌ر دوو هۆكار:
یه‌كه‌م: ڕاوه‌ستانی لێشاوی كۆچ له وڵاتانه‌وه بۆ ئەورووپا
دووه‌م: هه‌نارده‌كردنی ئابووریی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووری خۆی
هه‌ڵبژاردنه‌كانی 10ی 10ی 2021ی عێراق قۆناغێكی نوێیه له‌وه‌ی عێراق بتوانێت حكوومه‌تێكی به‌هێز پێک بێنێت و یەکێتیی ئەورووپاش ئومێدی هه‌بێت به‌وه‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخێكی نوێ و گونجاو بكات، ڕه‌نگە كاردانه‌وه‌كان ئه‌وه‌ندەی له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ریكادا توندن، به‌رانبه‌ر به یەکێتیی ئەورووپا جیاواز بێت، به حوكمی ئه‌وه‌ی یەکێتیی ئەورووپا ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی عێراقی وه‌رگرتووه و له وڵاتانی ناو یەکێتییەکە نیشته‌جێن، ئه‌مانه‌ن گرنگن بۆ ئه‌وه‌ی ئەورووپا گرنگیی زیاتر به كوردستان و عێراقیش بدات.
دلاوه‌ر ئاژگه‌یی، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یەکێتیی ئەورووپا، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی بۆ به‌لجیكا، له‌وێ بڕیار له‌سه‌ر پێکهێنانی كۆمسیۆنێكی هاوبه‌ش له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌لجیكا درا و ئێستا كار له‌سه‌ر پێکهێنانی ئه‌و كۆمسیۆنە ده‌كرێت. هه‌ر له‌و سه‌ردانەدا پرسی هاوكاریی ئابووری یه‌كێك بوو له بابه‌ته‌كان، بۆیه شاندێكیان هاته كوردستان و له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان كۆ بووه‌وه و ڕاپۆرتێكی دوورودرێژیان ئاماده كرد و ئێستا ئه‌و شانده گه‌ڕاونه‌ته‌وه و ڕاپۆرته‌كه‌یان داوه‌ته سه‌رۆك وه‌زیرانی خۆیان، تاکوو ئه‌و بابه‌تانەی به‌نیسبه‌ت كوردستانه‌وه گرنگن له هه‌موو ڕوویەكه‌وه تاوتوێ بكرێن، ئێستا پلانێكیان هه‌یه و نه‌خشەڕێگایه‌كیان داناوه تا له داهاتوودا بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه له كوردستان چی بكه‌ن.''
نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یەکێتیی ئەورووپا ڕاشیگه‌یاند: ''دوای سه‌ردانی ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كوردستان، به‌رپرسێكی دیكه‌ی یەکێتیی ئەورووپا هاته كوردستان كه پۆسته‌كه‌ی زۆر لە پۆستەکەی ماكرۆن كه‌متر نه‌بوو، ئه‌ویش جۆزێف بۆرێڵ، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا بوو كه ده‌توانین بڵێین ئه‌و به نوێنه‌رایه‌تیی 27 وڵاتی ئه‌ندام سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وورپا داده‌ڕێژێت و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات. جۆزێف بۆرێڵ كه‌سێكی گرنگه و چه‌ند ڕۆژێك له كوردستان مایه‌وه و خۆی باسی كرد كه دوای ڕووداوه‌كانی ئه‌فغانستان، ده‌بێت یەکێتیی ئەورووپای فۆكسی له‌سه‌ر كوردستان بێت و ئه‌وان سه‌قامیگریی كوردستان به هی خۆیان ده‌زانن.''
دلاوه‌ر ئاژگه‌یی ده‌شڵێت: "چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و یەکێتیی ئەورووپا به‌ره‌و به‌هێزتر و باشتر بڕوات و ئەورووپا بیر له‌وه ده‌كاته‌وه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ڕۆڵی زیاتر ببینێت و نه‌بێته پاشكۆی ئه‌مه‌ریكا، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگه بەلای یەکێتیی ئەورووپاوە، چونكه ناوچه‌یه‌كی ئارامە.''
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه یەکێتیی ئەورووپا ده‌توانێت چی بكات بۆ پڕچه‌كکردنی هێزی پێشمه‌رگه و هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه، دلاوه‌ر ئاژگه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه دا: ''بابه‌تی پڕچه‌كکردن له‌لایه‌ن یەکێتیی ئەورووپاوه نه‌بوو، به‌ڵكوو له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه بوو، به‌س یەکێتیی ئەورووپا له سه‌ره‌تاوه هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كرد و هاوكاریی ئاسمانی پێشکەش بە پێشمه‌رگه كرا، بۆ نموونه ئه‌ڵمانیا چه‌كی میلانی نارد و هه‌ندێك وڵاته‌ی دیكه هاوكارییان كرد و به‌شێكیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له بابه‌تی چاکسازیدا كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌رچی ئه‌مه‌ریكایه زیاتر چه‌ك ده‌نێرێت و حه‌فتانه ئۆتۆمبیلی سه‌ربازی و پێداویستی بۆ پێشمه‌رگه ده‌نێرێت و له تیڤییه‌كانه‌وه ده‌یبینین، ئه‌وه‌ی گرنگه، ئەوەیە کە یەکێتیی ئەورووپا له هەرێمی كوردستان هێزێكی گرنگی ئابوورییه و له 27 وڵات پێك دێت، له باری جوگرافیشه‌وه له كوردستان نزیكه و په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ كوردستان هه‌یه و به‌شێك لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا له هه‌ولێر نوێنه‌رایەتی و چالاكییان هه‌یه و نزیكن له ئێمه و، خودی یەکێتیی ئەورووپا ئۆفیسی هه‌یه و خۆشیان ده‌ڵێن ئه‌م په‌یوه‌ندییانه به‌هێز ده‌بێت له داهاتوو".
دلاوه‌ر ئاژگه‌یی زیاتر گوتی: ''ئه‌م سه‌ردانانه‌یان بۆ كوردستان بۆ پشتیوانیی سیاسه‌تی كوردستانه و بۆ شه‌ڕی داعش نییه، ئه‌وان خوازیاری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ن. یەکێتیی ئەورووپا كوردستان به هۆکاری سه‌قامگیریی ناوچه‌كه ده‌بینێت، به‌رپرسانی یەکێتیی ئەورووپا له‌وانه جۆزێف بۆڕێڵ ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر سه‌ردانی به‌غدا بكه‌یت و سه‌ردانی هه‌ولێر نه‌كه‌یت، سه‌ردانێكی تۆكمه نابێت، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه کە هیچ شتێك له عێراق به‌بێ هه‌ولێر ناكرێت.''
له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیشه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه دا کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانی له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و چاودێریشان ناردووه و چاودێرانیش سه‌ردانی كوردستانیان كردووه تا هه‌ڵبژاردن به پاكی بچێته ڕێوه، هه‌روه‌ها چاوەڕوان ده‌كرێت دوای هه‌ڵبژاردن ئه‌م هاتوچۆ دیپلۆماسییه‌ی هه‌ولێر و یەکێتیی ئەورووپا له ئاستی باڵا زیاتر ده‌بێت و دیپلۆماسی و په‌یوه‌ندیی نێوانیان پته‌وتر ده‌بێت.
ڕاپۆرتی كارزانی سه‌باح هه‌ورامی




