ئاكرهیی و بەردەڕەشیهكان بۆ KDP: ئێمەی پارتی هەگبەمان پڕە.. سەركەوتنی گەورە چاوەڕێمانە

ئاكرێ-KDP.info- هاووڵاتیانی ئاكرێ و بەردەڕەش ستایشی سەرۆك بارزانی و پارتی دەكەن، بەوەی كە هەڵمەتی بانگەشە لەلایەن پارتییەوە بە شێوەیەكی زۆر هێمنانە بەڕێوە دەچێت و دەڵێن، تەمەنی پارتی پڕ لە دەستكەوتە و كار بۆ سەرخستنی كاندیدانی دەكەین.
عیزەددین شەمسەددین، چالاكوان لە قەزای بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "پارتی ئاشكرایە كە پارتێكی جەماوەرییە و گەورەترین پارتە لەسەر ئاستی عێراقدا، كاتێك حیزبێك ئەو پێگە جەماوەرییەی هەبێت و تەمەنی پڕ لە دەستكەوت بێت، بێ شك كاتی وەڵامدانەوەی هیچ لایەنێكی نییە و پارتی كاری ئەوە نییە دژایەتیی كەس بكات، بەڵكو هەڵگری پەیامێكی ڕاستەقینەیە و دەیەوێت بە كردار كار بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافەكانی خەڵكی كوردستان بكات و لە هەمان كاتیشدا دەخوازێت نیشانی تەواوی جیهانی بدات كە پارتێكی دیموكراسییە و بە شێوەیەكی شارستانیانە بانگەشەی خۆی دەكات".
ناوبراو گوتیشی: "هەوڵدانی ئێمە تەنها بۆ سەرخستنی كاندیدانی پارتییە، بۆ ئەوەی پێگەی پارتی بپارێزین و بەهێزتری بكەین، بۆ ئەمەش سەركەوتنی گەورە چاوەڕێمانە".
هاوكات ئەمیرە گۆرانیش لە قەزای بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی وەك هەمیشە پێشەنگیی خۆی سەلماند و بانگەشەیەكی هێمنانەی دیموكراسیانە لەلایەن سەرجەم كادیر و لایەنگرانییەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەوەش دیارە كە پارتی حیزبێكی مەركەزییە و لەسەر فەرمانی ( سەرۆك بارزانی) كە رۆژی 11ی ئەیلوول بە جەماوەری پارتی راگەیاند، بانگەشەیەكی هێمنانە ئەنجام بدەن و وەڵامی هیچ لایەنێك نەدەنەوە، ئەوەش زۆر گرنگ بوو، چونكە ئێمەی پارتی هەگبەمان پڕە لە دەستكەوتی پڕ لە شانازی و ئەوانە بۆ خەڵكی باس دەكەین و كاتی وەڵامدانەوەی كەسمان نییە".
دەشڵێ: "بە شانازییەوە پشتیوانیی كاندیی پارتی لە سنوورەكەی خۆمان دەكەین، چونكە تەواوی ئەو كاندیدانەی كە دانراون، كاندیدی متمانەپێكراوی سەرۆك بارزانین و بە ئەركی دەزانم هەموومان دەنگیان پێ بدەین و رۆژی 10 ی 10 بە دەنگەكانمان پارتی بكەینەوە حیزبی ژمارە یەك لەسەر ئاستی كوردستان و هەموو عێراقدا".
لای خۆشیەوە، زێرەڤان تەمۆ، چالاكوان و رۆژنامەنووس لە قەزای ئاكرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: "بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن بەم شێوەیە، جێگای خۆشحاڵییە و رێزگرتن هەیە، ئەمەش گرنگە، چونكە ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانیش ئەوە بوو كە بانگەشە بە شێوەیەكی هێمنانە و كەم قسەكردن و بە كردار بەڕێوە بچێت."
تەمۆ روونیشی كردەوە: "هیوادارم هەموو ئەو كاندیدە كوردانەی كە دەچنە بەغدا، یەكدەست و یەكهەڵوێست بۆ مافەكانی كورد كار بكەن، بۆ ئەمەش هەبوونی پارتی بە بەهێزی لە بەغدا گرنگە و داوا دەكەم هەموو لایەك دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن، چونكە وەك هەمیشە پارتی بۆ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان خەبات دەكات."
نەشوان بەرزنجی




