پارتی گەڕایەوە مەخموور

مەخموور-KDP.info- ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگای خۆی لە مەخموور کردەوە و دەستی بە بانگەشە کرد و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسییش دەڵێت، پارتی هێزێکی کاریگەر دەبێت لە پەرلەمانی عێراق.
جەعفەر ئێمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی بانگەشەی پارتیدا لە شارۆچکەی مەخموور ڕایگەیاند: "دەمانەوێت ئەو داواکارییانەی هەرێمی کوردستان کە جێبەجێ نەکراون، لە ڕێگەی دەستوورەوە جێبەجێیان بکەین، پارتی لە چوار ساڵی ئایندەدا هێزێکی کاریگەر دەبێت لە پەرلەمانی عێراق و، ئێمە پێویستمان بە هاوبەشە لە عێراق و پێویستە هاووڵاتییانی عێراق بێهیوا نەکرێن و بەبێ جیاوازی کۆتایی بە کێشە ئایینی و مەزهەبییەکانیان بهێندرێت.''
جەعفەر ئێمینکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتی پڕۆژەی بۆ هەموو ناوچەکان هەیە و لە ڕووی ئاوەدانکردنەوەوە هەرێمی کوردستان بەراورد ناکرێت لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق، وەک بەرپرسێکی حەشد دەڵێت بەو بودجە کەمەوە هەرێمی کوردستان زۆر باشتر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ئاوەدان کراوەتەوە.''
قائید میرۆ





