سەرپەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ KDP.info قسە دەکات

زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کورتەهەڤپەیڤینێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا باسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و هەنگاوەکانی کردنەوەی فەرمانگە و پرۆژەکانی ئەو شارە دەکات و دەڵێت، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دیاریی سەرۆک بارزانی بوو پێشکێش بە خەڵکی زاخۆ کرا.
گۆهدار شێخۆ، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دیاریی سەرۆک بارزانی بوو و لەسەر دەستی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، پێشکیشی خەڵکی زاخۆ کرا و بەرنامەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەمان بەرنامەی کابینەی نۆی حکوومەتە و هەموو سێکتەرەکانی ژیان لەخۆی دەگرێت.''
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتی، پلانێکی تۆکمەیان هەیە بۆ هەموو سێکتەرەکان، بەتایبەت پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە پێشنیەی کارەکانیانە.
شێخۆ ئاماژەیشی دا کە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانیان پەرەپێدانی سێکتەری گەشتیارییە لە زاخۆ، چونکە زاخۆ یەکێکە لە شارە گەشتیارییە بەناوبانگەکان و کەشێکی گەشتیاریی جوانی هەیە، ''ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین کە هەموو خزمەتێکی پێویست پێشکێش بە زاخۆ و زاخۆییەکان بکەین، چونکە زاخۆ شایانی زیاترە، ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین کە خزمەت بە خەڵک بکەین.''
سەبارەت بە هێنانەوەی فەرمانگەکان بۆ نێو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گۆهدار شیخۆ گوتی: ''پرۆسەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە شەو و ڕۆژێکدا تەواو نابێت، بۆیە کاتی پێویستە، هەر فەرمانگەیەک خەڵکی زاخۆ پێویستی پێی بێت، دەکرێتەوە و، وەزیری ناوخۆ لەسەر هێڵە و زەمینەش لەبارە و کاری لەسەر دەکرێت، لەوانە خەڵک پێویستی بە فەرمانگەی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە هەیە و لە نزیکترین کاتدا هەموو فەرمانگەکان دەکرێنەوە.''
زاخۆ شارێکی ستراتیژی و گرنگە لەسەر سنووری دوو وڵاتی تورکیا و سووریایە و لە دوو قەزا پێک دێت؛ قەزای ناوەندیی زاخۆ و قەزای باتیفا، ڕووبەرێکی بەرین و فرەوان لەخۆی دەگرێت و لە ١٨٧ گوند پێک دێت و ناوچەیەکی کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری و بازرگانییە، هاوکات بۆ هەموو بوارەکانی ژیان بەکەڵك دێت.
لەبارەی ئەوەی کە زاخۆ شوێنی پێکەوەژیانی ئایینییە و پشکداریی پێکهاتەکان لە ئیدارەی زاخۆدا چۆن دەبێت؟ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتی: ''زاخۆ شاری پێکەوەژیانە و بەو پێکەوەژیانەوە جوانە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان هیچ کەسێكدا نەکراوە و ناشکرێت و بە چاوێکی گەورەوە تەماشای ئەو پێکەوەژیانە دەکرێت و ئایینی جیاوازیش حسابیان بۆ کراوە بۆ ئەوەی پشکداری لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا بکەن.''
کــاروان بــاعەدری




