٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەرەب و شەبەک: کاندیدانی پارتی دەکەینە نوێنەری خۆمان لە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- ھاووڵاتییانی عەرەب و شەبەک لە سنووری پارێزگای مووسڵ  دەڵێن دەنگیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە ئامانجی پارتی تەنھا خزمەتکردنە و قەت باس لەوە ناکات ئەوە کوردە، یان عەرەبە، یان ھەر ئایینێکی جیاوازی هەیە و گرنگ لای ئەوان خزمەتکردنە، ''بۆیە پارتی دەکەینە نوێنەری خۆمان لە بەغدا، بۆ ئەوەی داکۆکیمان لێ بکات.''

ڕەیان عەباس ئەکرەم، کە ھاووڵاتیی عەرەبی دانیشتووی مووسڵە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی، باوکی ھەمووان، کە ھۆکاری ئەمنیەتی ھەرێمی کوردستانە و خەمخۆری ھەمووانە بەبێ جیاوازی، ئێمە ئەزموونمان ھەیە کە بارزانی باوکی ھەژارانە، چونکە ئێمە پێنج ساڵ لە ھەرێمی کوردستان ئاوارە بووین.''

ھەر لەم بارەیەوە، حەموود جبووری، ھاووڵاتیی عەرەب لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەوەی سەرنجی ئێمەی ڕاکێشاوە ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە خزمەتکردندا جیاوازی ناکات و ھیچ کاتێکیش باسی ئەوە ناکات ئەوە عەرەبە، یاخود کوردە، ئەوان خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەن، ڕەگەزپەرستی ناکەن، بۆیە لە سایەی پارتیدا ھەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی پێکەوەژیان، ئەوەش لە جیھاندا دەنگی داوەتەوە، بۆیە وامان لێ دەکات پارتی بکەینە نوێنەری خۆمان لە بەغدا.''

ھاووڵاتییەکی دیکەی شەبەک لە سنووری مووسڵ، بە ناوی عەلی حوسێن، کە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بووە و شارەزایی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەڕاستی پارتی حزبێکە، تاکە ئامانجی خزمەتکردنە، چونکە ئەوەی پارتی لە کاتی ھاتنی داعشدا بۆ ئێمەی کرد، کەس ناتوانێت بیکات و ھیچ لایەنێک خۆی لە ئێمە نەکردە خاوەن، جگە لە پارتی و بارزانی، بۆیە ئێمە وەکوو کوردانی شەبەک دەنگمان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت، چونکە دەزانین کێ بووە خزمەتی ئێمەی کردووە و کێش بووە تەعدای لە ئێمە کردووە، بۆیە دەنگمان بۆ پارتییە و تەنھا کاندیدانی پارتی لە بەغدا دەکەینە نوێنەری خۆمان بۆ ئەوەی داکۆکیمان لێ بکات.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار