٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدێکی پارتی: ھەموو ھەوڵێک دەدەین پێگەی کورد لە بەغدا بەھێز بێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سێی دھۆک گوتی، ''ھەموو ھەوڵێک دەدەین یەکگرتووییی کورد لە بەغدا بپارێزین، بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەھێز بێت و داکۆکیی تەواو لە بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی بەردەوام ڕەوانە بکرێت، چونکە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە.''

چیای تەیمور، کاندیدی ژمارە ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سێی سنووری دھۆک کە سنووری شێخان و ئاکرێ و بەردەڕەش دەگرێتەوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کە ڕۆیشتین بۆ بەغدا و خەڵک متمانەی بە ئێمە کرد، گرنگە یەکگرتوو بین و یەکڕیزیی کورد لە بەغدا بپارێزین و لە ھەمبەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە کوردەوە کۆدەنگ بین، بۆیە ئێمە وەکوو پارتی ھەوڵ دەدەین لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش ببینە یەک، بۆ ئەوەی سەنگی کورد زیاتر بێت و پێگەی کورد لە بەغدا بەھێزتر دەبێت، چونکە بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی، بەھێزیی کورد لە بەغدا نیشان دەدات.''

چیای تەیموور گوتیشی: ''ئێمە لە سنووری بازنەی خۆمان بەردەوامین لە بانگەشە و خەڵکیش زۆر بەگەرمی پێشوازیمان لێ دەکەن و متمانەی زۆریان بە پارتی و کاندیدەکانی ھەیە، بۆیە پارتی جێی ئومێدی ھەمووانە.''

ئەو کاندیدەی پارتی زیاتر گوتی: ''ئێمە لە بەغدا کاری سەرەکیمان بەدەستھێنانی مافەکانی کورد دەبێت، بەتایبەت پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە، چونکە ئەوە مافێکی ڕەوای گەلی کوردە و داکۆکیی لەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا ڕەوانە بکرێت.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار