٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێویستە بەغدا بۆ گرنگیدان بە پێکهاتەکان چاو لە ھەرێمی کوردستان بکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- پێکھاتەکان باس لەوە دەکەن کە پێویستە دەسەڵاتدارانی بەغدا تاکڕەوانە بیر نەکەنەوە، پێویستە وەک ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان، عێراقیش شوێنی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکان بێت بەبێ جیاوازی و ھەر ئەمەش وای کردووە پێکهاتەکان لە ھەڵبژاردندا پشتگیری لە پارتی بکەن.

لوئەی فەرنسیس، ھاووڵاتیی مەسیحی و دانیشتووی مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پێویستە پێکھاتەکان ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە کێ خزمەتیان دەکات و کێ تەعدایان لێ دەکات، بۆیە پێویستە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن و بەغداش ئەزموون لە ھەرێمی کوردستان وەربگرێت بۆ پێکەوەژیانی ھەمووان.''

پەیوەست بەمە، عەلی داوودی، ھاووڵاتیی شەبەک لە دەشتی نەینەوا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تا پارتی لە دەشتی  نەینەوا دەسەڵاتدار بوو، کێشەمان نەبوو، بەڵام دوای ئەوان، ھێزە میلیشیاکان بەردەوام تەعدامان لێ دەکەن و تاکڕەوی بەکار دێنن و پێکھاتەکان ئەوە قبووڵ ناکەن، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە پێکهاتەکان چاو لە ھەرێمی کوردستان بکات و، ھەر ئەمەش وای کردووە کە خەڵک لە ھەڵبژاردنەکاندا پشتگیری لە پارتی بکەن.''

هەر لەم بارەیەوە، شەریف قاسم، کوردی ئێزدی لە باشیک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھەرێمی کوردستان نەک لە عێراق، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشدا بووەتە شوێنی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان و ھەر پێکھاتە و نەتەوەیەک قەبارەی ھەرچەند بێت، ئەوان وەکوو ھەمووان ڕێزی لێ دەگرن و خزمەتی دەکەن، بەڵام لە عێراق ئەوە ناکەن، بۆیە ھیوادارین چاو لە ھەرێمی کوردستان بکەن و ڕێز لە پێکھاتەکان بگرن، بۆیە تا بەو شێوەیە بێت، ئێمە دەنگمان بۆ کاندیدانی پارتییە.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار