عەلی عەونی: سەركەوتنی دیكە تۆمار دەكەین

زاخۆ-KDP.info- ئەمڕۆ لە شارۆچكەی زاخۆ كەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی بەڕێوەچوو و بەرپرسی لقی پارتیش لە زاخۆ ئاشكرای كرد، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتووە، بە سەركێشیی سەرۆك بارزانی بووە و میللەت ھیچ كات پشتی سەرۆك بارزانی و پارتی بەرنەداوە.
عەلی عەونی، بەرپرسی لقی ٨ی پارتی، ئەمڕۆ لە كەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی لە زاخۆ رایگەیاند: "لە رابردوودا گەلی ئێمە چەندین دەستكەوتی بەدەست ھێناوە و چەندین چیرۆكی سەركەوتنی تۆمار كردووە، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتووە، لە ئەنجامی خەباتی ساڵانی رابردووی میللەتەكەمان بووە، میللەتی ئێمە ھیچ كاتێك پشتی سەرۆك بارزانی و پارتی بهرنەداوە، ھەموو سەركەوتنەكان بە سەركێشیی سەرۆك بارزانی و قوربانیدانی میللەتی ئێمە بووە، ھەر لە بەرەنگاری بەعسییەكانەوە تا دەگاتە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش".
بەرپرسی لقی ٨ی پارتی گوتیشی: "ھەر دوێنێ بوو چەندین ھێز ھەڕەشەی داگیركردنی ھەرێمی كوردستانیان دەكرد و دروشمی قادیموون ھەولێر و دھۆكیان بەرز دەكردەوە و ھێزیان ناردبووە پشتی ئیبراھیم خەلیل بۆ داگیركردنی كوردستان، بەڵام ئەو پیلانانە لەنێو بران و ئێمە سەركەوتین".
عەونی روونیشی كردەوە: "لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش گەلی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی بەرەنگاری دڕەندەترین دوژمنی جیھان بوویەوە و رۆژانە تەرمی ئازیزەكانمان بۆ دەھاتەوە، بەڵام وەك سەرۆك بارزانی فەرمووی، تەسلیمی تاریكپەرستان نەبووین، ئەمڕۆش میللەت لەگەڵ پارتییە و لە ھەڵبژاردنی مانگی داھاتووشدا سەركەوتنی دیكە تۆمار دەكەین".
قائید میرۆ




