بەرپرسی لق: بەغدا تایبەتمەندیی خۆی ھەیە.. سوننە و شیعەش پشتگیریمان دەكەن

بەغدا-KDP.info- بەرپرسی لقی ٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند، بانگەشەمان بۆ كاندیدانمان لە بەغدا و كوت بەردەوامە و خەڵكیش بە كورد و سوننە و شیعەوە، پێشوازی و پشتگیرییەكی باش لە كاندیدانی پارتی دەكەن.
شوان محەمەد تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بانگەشەی ئێمە لە بەغدا، بەپێی بانگەشە و بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو تایبەتمەندییەی لە بەغدا ھەیە بەڕێوە دەچێت، دەستمان بە سەردان كردووە و كاندیدەكان سەردان دەكەن و دوای چلەی ئیمام حوسێن چالاكییەكان چڕتر دەبنەوە، ئەوانەی پشتگیریی ئێمەش دەكەن تەنھا كورد نین، بەڵكو عەرەبی سوننە و شیعەشن".
بەرپرسی لقی ٥ی پارتی گوتیشی: "ئێمە لە بانگەشەی خۆماندا باسی دەستكەوتەكانی خۆمان دەكەین، كە ھەرێمی كوردستان نموونەیەكی جوانە و خەڵكیش بە جوانی دەڕوانێتە دەستكەوتەكانمان، ئەمەش رەنگدانەوەیەكی باشی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ئێمە ھەیە".
تەھا باسی لەوەش كرد: "ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا سێ كاندید و لە كوتیش كاندیدێكمان ھەیە، بۆیە لە ھەوڵەكان بەردەوامین بۆ ئەوەی ھەر چوار كاندید سەربكەون و ئومێدیشمان ھەیە سەركەوتن بەدەست بێنن، بەڵام ئێستا لەچلەی ئیمام حوسێنین و چالاكییەكان وەكو كەرنەڤاڵ سستن، وەلێ لەرۆژی ھەینییەوە چالاكییەكان زیاتر دەبن و چلەی ئیمام حوسێنیش كۆتایی دێت، چونكە بەغدا تایبەتمەندیی خۆی ھەیە".
بڵند ئیبراھیم




