٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێنجوێنیه‌كان بۆ KDP: دەنگدان بە پارتی، شانازییە

سەرچاوە: KDP.info

پێنجوێن-KDP.info- کوڕ و کچە لاوەکانی پێنجوێن دەڵێن، دەنگدان بە پارتی، شانازییە، پارتی خاوەنی بەڵێن و ڕوئیای دیاریکراوە و بەڵێنەکان لە حکومڕانی جێبەجێ دەکات، هەروەها پارێزەری پاراستنی قەوارەی کوردستانە و بەربژێرەکانیشی نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستانن، بۆیه دەنگیان پێ دەدەین.

ژوان شوان، بەرپرسی ناوەندی ئەنجوومەنی پێنجوێنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێمە وەک ناوەندی ئەنجوومەنی پێنجوێن، سەردان و بەسەرکردنەوەمان بەردەوام هەبووە بۆ لای ئەندامانمان و ئافرەتانی پێنجوێن بە گشتی، کە بە چڕی دەستمان کردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتیمان د. ئەشواق جاف بە ژمارە ٢٢ لە بازنەی سێ، ئومێدمان بە سەرکەوتنی کاندیدەکەمان هەیە".

ژوان گوتیشی: "ئێمە ڕۆژانە لەگەڵ هاووڵاتیانین گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین بە گشتی ڕوئیایان زۆر باشە بەرامبەر پارتی و کاندیدەکەمان لە چاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بڕوامان وایە خەڵکی زیاتر دەڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە پارتیمان دەدەن، ڕۆژانە ئەو خەڵکانەی کۆنتاکمان لەگەڵیان هەیە باس لەوە دەکەن، کە پارتی تاکە حزبە لەسەر پرسە نەتەوەییەکاندا داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەیە و پارێزەری دەستکەوتکانی هەرێمەکەمانە".

دەشڵێ: "بەهێزبوونی پارتی، ماف و ئازادییەکانی ئافرەتان دەستەبەر دەکات و لە یەکێتیی ئافرەتان تەواوی ئازادیمان هەیە و بێگومان پارتیش ئازادی بۆ سەرجەم ئافرەتانی کوردستان بە گشتی دەستەبەر دەکات".

میران ئەبوبەکر عەبدوڵڵا، کە لاوێکی قەزای پێنجوێنە و بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدات، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خۆشحاڵم بۆ یەکەم جارە دەڕۆمە سەر سندووقەکانی دەنگدان دەنگیشم بۆ پارتییە، دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە شکۆ و سەربەخۆیی و ئازادیی کوردستان، ئەوەی دەیبینین و بینیومانە تەنها پارتی بەرنامەی گەشەپێدان و پاراستنی قەوارەی هەرێمەکەمانی هەیە، ئەوەش هۆکارێکە من وەک لاوێک متمانەی خۆم بە پارتی ببەخشم تا نوێنەرایەتیم بکات لە عێراق".

گوتیشی: "لە قەزای پێنچوێن و ناحیەکانی پێگەی جەماوەریی پارتی لە فراوانبووندایە، بە تایبەتی لە چینی لاوان لە هەردوو ڕەگەز، پارتی لە هەر شوێنێکی کوردستان ئیدارەی بەدەست بێت، ئاسایش و ئارامی هەیە، سەدان کۆمپانیا ڕووی تێدەکەن و لاوان هەلی کاریان بۆ دەستەبەر دەکرێت، وەک لاوێک داوا لە لاوانی ناوچەکەم دەکەم ڕوو لە پارتی بکەن و ڕۆژی دەنگدان سندووقی دەنگدان بڕکەن لە بەڵێ بۆ پارتی".

چاوان ئەحمەد، کچێکی لاوی پێنجوێنە، دەڵێ: "یەکەم جارمە دەنگ دەدەم، دەنگم بۆ کاندیدی پارتییە و زۆر خۆشحاڵم و هیوام وایە پارتی سەرکەتنی گەورە بەدەست بهێنێت، لەگەڵ هاوڕێکانم قسەم کردووە کە دەنگیان بۆ پارتی بێت، ئێمە دەزانین پارتی دەتوانێت پاشەڕۆژمان دابین بکات و ماف و ئازادییەکانمان بپارێزێت، بڕوامان وایە پارتییەکان کەمتر قسە دەکەن و زۆرتر بەڵێنەکانی هەڵبژاردن لە حکومڕانیی هەرێم و نوێنەرایەتییان لە بەغدا جێبەجێ دەکەن، پێچەوانەی حزبەکانی تر کە تەنها بەڵێنەکانیان تاکو ڕۆژانی بانگەشەیە و هەرگیز خاوەنی بەڵێنەکانیان نەبوون، بەڵام پارتی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن لە حکومڕانیدا جێبەجێ دەکات". 

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار