ماڵپەڕی KDP بۆچوونی مامۆستایان لەسەر ھەڵبژاردنی ١٠ی١٠ دەخاتە ڕوو
__2021_09_27_h16m2s56__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- چینی مامۆستایان، چینێكی زیندووی نێو كۆمەڵگان، ئەمە گوتەی مامۆستایانە و داوا دەكەن لە ھەڵبژاردنەكانیشدا ھەموو چین و توێژەكان بەشداری لە پڕۆسەی دەنگداندا بكەن. باوەڕیشیان وایە پارتی زیاتر لە ھەموو لایەنەكانی دیكە لە خەمی باشتركردنی گوزەرانی مامۆستایاندا بووە.
ئەحمەد سابیر، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە ١٠ی١٠ گرنگیی خۆی ھەیە، چونكە ئەم ھەڵبژاردنە لەسەر داواكاریی خۆپێشاندەرەكانی بەغدا بوو، بۆیە زۆر زەروورە ئێمە نوێنەری چالاك بنێرین بۆ پەرلەمانی عێراق، نەك تەنھا داكۆكی لە مافی خەڵكی كوردستان بكات بەڵكوو بتوانێت حوكمڕانییەكی تەندروست و دەوڵەتێكی سەقامگیر بۆ عێراق بنیات بنێن. وەكوو چینی مامۆستایانیش دەبێت بەشدار بین لەو ھەڵبژاردنەدا، چونكە ئەمە پەیوەندی نییە بە فكرەی فەرمانڕەواییی ھەرێمی كوردستان. ھاوكات پێویستە ئەو نوێنەرانەی ھەڵیان دەبژێرین نوێنەری بەھێز بن و زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بزانێت و بڕوانامەیەكی باشی ھەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر دەنگدەر، بەڵام بەشداریمان لەو پڕۆسە دیموكراتییە پێگەی ھەرێمی كوردستان بەرز دەكاتەوە لە بەغدا، دیارە چەند ساڵێكە بارودۆخێكی سەخت بەسەر مامۆستایاندا ھات، بەڵام خۆشبەختانە بەرەو سەقامگیری ھەنگاو دەنێین و مووچەی مامۆستایان لە كاتی خۆیدا دەدرێت.''
گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێم خەمخۆری مامۆستایان و پرۆسەی پەروەردەیە و بەردەوام ھەوڵی داوە پرۆسەی پەروەردە و زانكۆكان بەرەو پێش ببات و پەروەردەیەكی دروست بنیات بنێت، ئەگەر سەیری وتەكانیان بكەین، دەبینین سوپاسی مامۆستایان دەكەن و خۆیان بە قەرزداری مامۆستا دەزانن، ھاوكات ئەو كارانە بێ كەموكووڕی نییە، بەڵام كۆمەڵێك بارودۆخ ھاتە ئاراوە، لەوانە بودجەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە بڕدرا، ئاوارەیەكی زۆر ڕووی لە ھەرێمی كوردستان كرد و ھێشتا زۆربەیان ماونەتەوە، ھەروەھا دابەزینی نرخی نەوت و نەخۆشیی كۆرۆنا، ئەمانە ھەمووی كاریگەریی ھەبوو كە نەتوانرێت خزمەتی زیاتری توێژی مامۆستایان بكرێت".
زەھرا زراری، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بەھاری كچان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق چارەنووسسازە بۆ كورد، ڕاستە بۆ پەرلەمانی كوردستان نییە، بەڵام بۆ ئەوەی پێگە و كورسیمان زیاتر بێت لە پەرلەمانی عێراق تاوەكوو بتوانین مافەكانمان لە ڕێی دەستوورەوە فەراھەم بكەین، پێویستە ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەین و دەنگ بدەین".
ناوبراو وا ھەست ناكات ھاووڵاتییان زۆر كەمتەرخەم بن و بەشداری لە ھەڵبژاردندا نەكەن و دەڵێت: "گەشبینم لە دەنگدانی مامۆستایان بە ڕێژەیەكی زۆر". ئەو مامۆستایە بەو كەسانەش كە بەشداری ناكەن لەو پڕۆسەیەدا دەڵێت: ''بۆ ئەوەی سبەی بتوانین داكۆكیكار بین لە مافە ڕەواكانی مامۆستایان و ھاووڵاتییانی كوردستان، پێویستە دەنگ بدەین، بۆیە داواكارم كاندیدان بەرنامەی كاریان ھەبێت و بتوانن داكۆكی لە دەستەبەركردنی مووچە و بودجەی كوردستان بكەن، داواشیان لێ دەكەین بە دڵسۆزی و ئەمانەتەوە كە دەنگیان پێ دەدەین، ئەوانیش داكۆكیكار بن لە مافەكانمان".
ھۆشیار خالید، مامۆستای قوتابخانەی كانی قڕژاڵەی شاری ھەولێر، لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چینی مامۆستایان، چینێكی زیندووی نێو كۆمەڵگان و لە ھەڵبژاردنەكاندا ھەڵوێستەكانی پارتییان لەبەرچاوە، بەتایبەت لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و باشتركردنی ژیانی مامۆستایان، ئەگەر خەڵكێك پێشتر گلەیی لە دواكەوتن و پاشەكەوتی مووچە بووبێت، ئەوە ھەر پارتی پێش ھەموو لایەنەكانی دیكە كاری بۆ باشتركردنی مووچەی مامۆستایان كردووە، ئەوەی ھەمانە زۆریی دەستكەوتی پارتییە و لە ڕۆژی ھەڵبژاردنیش دەنگمان بۆ كاندیدانی پارتی دەبێت."
ھەڵكەوت محەمەد




