لە بەغدا کورد و عەرەب دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن

بەغدا-KDP.info- کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا گوتی، لە بەغداش ھەموو خەڵک لەوە تێ گەیشتوون کە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ جیاوازی سەیری ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکەن و خزمەتی ھەمووان دەکەن، ''بۆیە خەڵکی ئەو ناوچانەی کە ئێمە لێی کاندیدین، بە کورد و عەرەبەوە پشتگیریمان لێ دەکەن.''
جاسم محەمەد، کاندیدی ژمارە ٥٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی شەشی بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خەڵکی بەغدا دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە پاڵپشتی لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکات بەبێ جیاوازی و ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکانە، بۆیە پاڵپشتی لە ئێمە دەکەن و دەزانن ئێمە دەبینە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوان.''
جاسم محەمەد گوتیشی: ''ڕاستە لە بەغدا کورد زۆرە و دەنگیش بە ئێمە دەدەن، بەڵام جەماوەرێکی زۆری عەرەبیشمان ھەیە و ئەوانیش بڕیاریان داوە لە ھەر بازنەیەک کاندیدی پارتی ھەبێت دەنگی پێ بدەن، ئەمەش شانازییە بۆ ئێمە و دەرخەری ئەوەیە کە پارتی حزبێکی نەتەوەیییە و خزمەتی خەڵک دەکات.''
محەمەد گوتیشی: ''من لە ناوچەی کیفاحی بەغدا کاندیدم کە نیوەی کوردە و نیوەی عەرەبە، بەڵام زۆرینەی کورد و عەرەب پشتگیری لە ئێمە دەکەن، چونکە ئەو ناوچەی ئێمە زۆر ھۆزی عەرەبی لێیە و داواکارن بەغداش وەکوو ھەولێر پێشکەوتوو بێت و ئەمن و ئەمان بێت.''
بڵند ئیبراھیم




