سیپان شێروانی: پارتی لە بەرپرسیاریەتی ڕا ناکات، خۆمان لە میللەت جیا نەکردووەتەوە

کاندیدێکی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق پێی وایە پارتی تاکە حزبە خۆی لە میللەت جیا نەکردووەتەوە و لە کاتی قەیرانەکان ڕای نەکردووە و دەشڵێت، ''ئەگەر متمانەی دەنگدەران بەدەست بێنم، کار بۆ باشترکردنی ئابووریی ھاووڵاتییان و فەراھەمکردنی ھەلی کار دەکەم.''
سیپان شێروانی، کاندیدی ژمارە ٢٥ی پارتی لە بازنەی یەکی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵبژاردنی مانگی داھاتوو گرینگە، لەبەر ئەوەش پێویستە ھاووڵاتییان بەشداریی تێدا بکەن و نوێنەری خۆیان بۆ چوار ساڵی ئایندە ھەڵبژێرن، داواش لە دەنگدەرانی بازنەی یەکی سۆران دەکەم ویژدانی خۆیان لەسەر سندووقی دەنگدان بەکار بێنن بۆ دیاریکردنی نوێنەری خۆیان.''
کاندیدەکەی پارتی دەشڵێت: "زۆربەی دەستکەوتەکانی ٧٥ ساڵی ڕابردوو بەرھەمی پارتی و سەرۆک بارزانین، پارتی شانی داوەتە بەر بەرپرسیاریەتی، ئەگەر لێرەولەوێش کەموکووڕی ھەبێت، ئێمە ڕا ناکەین، چونکە لە باشەکانیش پشکی شێرمان بەر دەکەوێت، پارتی ھیچ کات خۆی لە میللەت جیا نەکردووەتەوە، ئەوەتا لە شەڕی داعش و حەشدی شەعبی ئەگەر پارتی و سەرۆک بارزانی بەرگرییان نەکردایە، ئەوە ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، وڵاتەکەمان داگیر دەکرا و شوێنمان ژێر خێمەی وڵاتانی دەوروبەر دەبوو.''
سیپان شێروانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''من وەک پسپۆڕێکی ئابووری ئەگەر متمانەی دەنگدەرانی سنووری بازنەی سۆران بەدەست بێنم، ئەوە جگە لە جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەی پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوو، کار دەکەم بۆ ڕەخساندنی ھەلی کار و فەراهەمکردنی ئابووریی باشتر بۆ ھاووڵاتییان، چونکە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، بە ناوی بازاڕی ئازادەوە بازاڕێکی مۆدێرن پەیدا نەبووە و بە ڕێگایەکی ڕاستدا نەڕۆیشتووە، لەبەر ئەوە، پەرلەمان گەورەترین مینبەرە بۆ کارکردن لەسەر باشترکردنی ژیانی ھاووڵاتییان.''
قائید میرۆ




