قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی لە دارەتوو کرایەوە.. دووی دیکەش دەکرێنەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشداریی بەرپرسان و پارێزگاری ھەولێر و مامۆستایانی پەروەردەی دەشتی ھەولێر، قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلیی لە دارەتوو کردەوە و، دووی دیکەش لەم چەند ڕۆژەدا دەکاتەوە.
ئالان حەمەسەعید ڕایگەیاند: ''سەرەڕای ئەم تەنگژە تەندروستییەی ڕووبەڕووی جیھان و ھەرێمی کوردستان بە تایبەت بۆتەوە، توانیمان ٥٠ قوتابخانە بخەینە خزمەتی قوتابیانی خۆمان و زیاتر لە ٦٠٠ قوتابخانە نۆژەن بکەینەوە، ئەمڕۆش قوتابخانەیەکی دیکەی ١٨پۆلی لە تایپی A، لە دارەتوو دەچێتە واری خزمەتەوە، ئەم قوتابخانەیە ڕاستەوخۆ لەلایەن جەنابی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی گرنگیی تایبەتی پێ درا، بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی سنوورەکە تەواو بکرێ، سێ قوتابخانە بوون لە ھەولێر، کە یەکێکیان ئەمەی دارەتوو بوو کە بڕی ٧٦٧ ملیۆن دیناری لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمەوە بۆ تەرخان کرا."
وەزیری پەروەردە گوتیشی: ''قوتابخانەیەکی دیکەش لە گەڕەکی باداوە گەڵاوێژ کە ئەویش ٦٧٥ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، لە ھەفتەی ئایندە دەچێتە خزمەتی قوتابیان و مامۆستایانەوە، هەروەها قوتابخانەیەکی دیکەش تا ١٠ ڕۆژی تر لە پیرزین دەکرێتەوە، کە ٤٤٥ملیۆن دیناری بۆ خەرج کراوە، کۆی گشتی ئەم سێ قوتابخانەیە بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ملیارێک و ٨٨٥ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە کە شوێنی ٣ھەزار قوتابیی نوێ دەبێتەوە و لانی کەم لۆدێک لەسەر ھەندێک قوتابخانەکانی دیکە کەم دەکاتەوە.''
ئالان حەمە سەعید زیاتر گوتی: ''کاروانی ئاوەدانی بۆ بنیاتنانی قوتابخانەی نوێ ھەروەھا بۆ تەواوکرنی پڕۆژە تەواونەکراوەکان بەردوام دەبێ بە گوێرەی توانا و ئیمکانیەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە لە گشت ھەوڵەکانمان بەردوام بین بۆ ئەوەی بتوانین ژینگەیەکی لەبارتر و گونجاوتر بۆ قوتابیانمان تەرخان بکەین".
فایزە کۆیی




