٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چنار سەعد: پارتی ھێزی یەکەمە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی سەنتەری دیراسات و توێژینەوەی ئەکادیمیای پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بەپێی دوایین ڕاپرسی و دەرئەنجامەکان، وا لێک دراوەتەوە و دیراسە کراوە کە پارتی ھێزی یەکەمە و ئاستی کورسییەکانی لە بەرزیدا دەمێنێتەوە.

چنار سەعد عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە لە سەنتەری دیراسات لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەوڵ دەدەین لە سێ ئاستدا هاوکاریی حزب بکەین، ئەویش ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ زانینی دۆخی دەنگدان و پێشبینیی دەرئەنجامەکان، هەروەها بە سەرنج و پێشنیازەکانمان هاوکار دەبین لە داڕشتنی پرۆگرام و کارنامەی هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەنجامدانی خول و ڕاهێنانی پێویست بۆ ئەندامان لە هەر بوارێک کە پێویست بکات.''

سەبارەت بە دیراسەکردن و ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە، چنار سەعد دەڵێت: ''بەپێی دوایین ڕاپرسی، دەرئەنجام و لێکدانەوەکان نیشانی دەدەن پارتی وەک هەمیشە هێزی یەکەمە و ئاستی کورسییەکانی لە بەرزیدا دەمێنێتەوە.''

ئەو بەرپرسەی سەنتەری دیراساتی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: ''پارتی وەک حزبێکی بەهێزی ناو دەسەڵات، توانی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەسەر چەندین دۆخی ناهەموار و قەیراناویی وەک شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، دۆخی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆناو دابەزینی بەهای نەوت و سستبوونی بازاڕ و... زاڵ بێت".

دەشڵێ: "پارتی توانی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان و جیهان بەهێز بکات، لە داهاتووشدا کار بۆ نەهێشتنی گرفتەکان و پاراستنی مافی گەلی کوردستان دەکات، نەک هەر لە ئاستی هەرێم، بەڵکو لە ناوچە کێشە لەسەرەکانیش. هەروەها پارتی سازش لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک ناکات و پێداگرە لەسەر گەڕانەوەی کورد بە شکۆوە بۆ ئەو ناوچانە.''

 

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار