د. نەھلە قادر: دەنگدان بە پارتی بەرەو دەستکەوتی زیاترمان دەبات
__2021_09_26_h16m44s11__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- کاندیدێکی پارتی لە ھەولێر جەخت لەسەر بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکاتەوە و دەشڵێت، دەنگدان بە پارتی بەرەو دەستکەوتی زیاترمان دەبات لە داھاتوودا.
د. نەھلە قادر ئەفەندی، کاندیدی پارتی لە ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "من کاندیدی ژمارە ٣١ی پارتیم لەسەر بازنەی چواری ھەولێر، ئەگەر متمانەی دەنگدەرانی سنووری بازنەی چواری شاری ھەولێر بەدەست بێنم، ئەوە بێگومان بەرنامە و پلانی پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوو جێبەجێ دەکەم، بەرنامە و پلانی پارتییش گشتگیرە و ھەمووی بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستانە بەبێ جیاوازی.''
کاندیدەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "جگە لە پلانی پارتی، خۆم وەک کاندید چەندین پڕۆژەم لە ھەگبەدایە بۆ چوار ساڵی داھاتووی خولی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر سەر کەوم پەنا بەخوا پێشمەرگەئاسا کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلان و پڕۆژانەی خۆم دەکەم، بەتایبەتی من مامۆستای زانکۆ بوومە و لە نەھامەتییەکانی قوتابییان دەگەم، لەبەر ئەوەش، زۆرترین کار بۆ توێژی قوتابییانی خۆشەویست دەکەم.''
د. نەھلە قادر ئەفەندی دەڵێت: "دەنگدان بە کاندیدانی پارتی نیشانەی وەفایە بەرانبەر بە خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان، چونکە پارتی سەلماندوویەتی کە بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی خەڵکی کوردستانە و ئەوەی بەدەست ھاتووە لە سایەی پارتی و قوربانیدانی میللەتەکەمانەوە بووە، لەبەر ئەوەش، دەنگدان بە پارتی بەرەو دەستکەوتی زیاترمان دەبات.''
قائید میرۆ




