دەنگدەرانی سنووری ماددەی ١٤٠ ئەو لایەنەی بە شایستەی دەزانین تەنھا پارتییه

مەخموور-KDP.info- دەنگدەرانی سنووری ماددەی ١٤٠ دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەن و بەشێک لەو دەنگدەرانەی دەکەونە سنووری پارێزگای ھەولێر، جەخت لەسەر ھەڵوێستەکانی پارتی و سەرۆک بارزانی بەرامبەر بە خەڵک و خاکی ناوچە کوردستانییەکان دەکەنەوە.
فەرەیدوون عەبدوڵڵا، وەک نووسەرێک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەک دەنگدەری سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، تەنیا دەتوانین دەنگ بە کاندیدانی سنووری مووسڵ مەخموور بدەین، بێگومان دەنگم بۆ کاندیدانی پارتییە، چونکە پارتی بەرگری لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ کردووە و سەرۆک بارزانی لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا زۆرترین پێداگریی کرد بۆ ئەوەی بە یاسا کێشەی ئەو ناوچانە یەکلا بکرێتەوە".
رێناس تاھر کرمانج، چالاکی مەدەنی، بە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەنگدان مافێکی ڕەوای تاکەکانە، بۆیە ئێمەی گەلی کورد مافی خۆمانە دەنگ بدەین بەو لایەن و کاندیدانەی کە پێمان وایە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان دەکەن، ھەر بۆیەش ئێمەی دەنگدەرانی سنووری ماددەی ١٤٠ ئەو لایەنەی کە بە شایستە و ڕاستگۆی دەزانین، تەنھا پارتی دیموکراتی کوردستانە و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ سەرخستنی کاندیدانی پارتیمان لە ناوچەکە، ئەمەی من دەیڵێم لەمەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە ڕابەر و سەرۆک و مەرجەعی کوردمان جەنابی (سەرۆک مەسعوود بارزانی) بوو کە پێی فەرمووین دەنگ بدەن بە ڕیفرانۆم، ئەویش پێمان دەڵێ دەنگ بدەن بە کاندیدانی پارتیمان. بۆیە بەپێویستی دەزانم بڵێم تەنھا پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ناوچەکە پارێزگاری لە خاکی پیرۆزی کوردستان و گەلی کورد و کوردستان دەکات".
ئوسامە عومەر، دەنگدەرێکی دیکەی سنووری شارەدێی گوێڕە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "دەنگ بە کاندیدی پارتی دەدەم، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ ناوچەکەی ئێمە جێبەجێ کردووە و لە شەڕی داعش چەندەھا پێشمەرگە گیانی خۆیان کردە قوربانی لە پێناو پاراستنی گوێڕ و مەخموور، سەرۆک بارزانی راستەوخۆ سەرپەرشتیی شەڕی بەرەنگاریی داعشی دەکرد بۆ پاراستنی گوێڕ".
قائید میرۆ




