٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەھێزبوونی پارتیمان دەكەینە ھۆكارێك تا ھیچ دیكتاتۆرێكی دیكە لە عێراق پەیدا نەبێت

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- ئەمڕۆ كەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوەچوو، بەرپرسی لقی ھەشتی پارتیش دەڵێ، پارتی ھەوێنی یەكڕیزیی كوردە لە بەغدا و بۆ ئەوەی زیاتر بەھێز بین، پێویستە هاووڵاتیان دەنگ بە پارتی بدەن و پارتێكی بەھێزمان لە بەغدا ھەبێت.

عەلی عەونی، بەرپرسی لقی ٨ی پارتی لە زاخۆ، ئەمڕۆ لە میانەی بانگەشەی پارتی لە شارەدێی دەركاردا رایگەیاند: "ئەگەر ئێوە كوردستانێكی ئارام و بەھێزتان دەوێ، دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن، ئەگەر ئێوە دەتانەوێ كوردستانێكی بەھێز ھەبێت، پێویستە پارتییەكی بەھێز ھەبێت، ھەموو ھەوڵ و تێكوشانی پارتیش لە بەغدا بەرگری دەبێت لە مافەكانی خەڵكی كوردستان، بە تایبەتی جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، كە تا ئێستا ٥٥ ماددە و بڕگەی ئەو دەستوورە جێبەجێ نەكراون، كەچی ھەندێ ھێزی تاریكپەرست پڕوپاگەندەی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق دەكەن".

بەرپرسی لقی ٨ی پارتی گوتیشی: "كێشەی كوردستان تەنیا مووچە نییە لە بەغدا، بەڵكوو دیاریكردنی سنووری كوردستان و جێبەجێكردنی سیستمی فیدڕاڵییە، ھەتا فیدڕاڵیەتی ئێمە بمێنێ و بەھێزتر بێت، دەبێت پارتی بەھێز بێت بۆ بەرگریكردن، ئێمە وەك پارتی، بەھێزبوونی پارتیمان دەكەینە ھۆكارێك بۆ ئەوەی عێراقیش بەرەو دیموكراتی ببەین، ھەتا ھیچ دیكتاتۆرێكی دیكە لە عێراق پەیدا نەبێت".

عەونی دەشڵێت: "لە بەغدا ھەوڵ دەدەین یەكڕیز بین و لەجیاتی فڕاكسیۆنی پارتی، فڕاكسیۆنێكی كوردستان دروست بكەین، ھەموومان لە یەك سەنگەردا بین بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان، ئێمە دژی پەرتەوازەیی و پارچەپارچەبوونی نێو ماڵی كوردستانین، بە لایەنەكانی دیكەی كوردستانی دەڵێین، لەجیاتی ئەوەی ھێرش بكەنە سەر پارتی و رەخنە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بگرن، ئەم ھەڵبژاردنە بۆ كوردستان نییە و بۆ بەغدایە، مافی ئێمە و مافی ئێوەش لەلایەن بەغداوە پێشێل كراوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار