٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵەبجە.. لاوان ڕوو لە پارتی دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسانی هەرسێ ڕێکخراوی لاوان و قوتابیان و ئافرەتان باس لەوە دەکەن، توێژی لاوان و قوتابیان و ئافرەتان دەنگیان بۆ پارتی و کاندیدەکانیەتی. دەشڵێن، هیچ کات ئیرهابی فکری ناتوانێت کاریگەری لەسەر لاوە هۆشیارەکانمان بکات و دەنگیان بۆ ئەو حزبە دەبێت کە مافەکانیان بۆ دەستەبەر دەکات.

عومەر فارس، بەرپرسی ناوەندی باڵای هەڵەبجەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لاوانی سنووری بازنەی سێ، لە سنووری چالاکیی ناوەندیی باڵا و ناوەندە چالاکییەکانمانن، هەموو توانای مرۆیی خۆمان بەکار دەهێنین بۆ سەرخستنی پارتیمان لەم هەڵبژاردنە و سەرکەوتنی کاندیدەکەی، کۆنتاکی بەردەوامیشمان لەگەڵ لاواندا هەیە و لاوێکی زۆر ڕوو لە ڕێکخراوەکەمان دەکەن و بەڵێن دەدەن دەنگیان بۆ پارتی و کاندیدەکەی بێت".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "لاوان ڕوو لە پارتی دەکەن و ئیدی چەواشەکاریی ئەم حزب و کەسانە ناتوانن بە قسە بیانخەڵەتێنن، چونکە بۆیان ڕوون بووەتەوە، کۆمەڵێک حزب و کەسایەتیی ناو حزبەکان تەنها قسەی بێ کردار بۆ لاوان دەکەن، بۆیە دەیانەوێت دەنگیان بۆ پارتی بێت، چونکە لە هەر شارێکی ئەم وڵاتە پارتی دەسەڵاتی ئیداریی هەبووە، لاوەکان زۆرترین مافیان بۆ دەستەبەر کراوە، بڕوامان وایە ڕۆژی 10/10 لاوان بە دەنگەکانیان وەڵامی ئەو لایەنانە دەدەنەوە کە تەنها کاریان چەواشەکارییە و بێ کردارن، ئێمە ڕۆژانە لەگەڵ لاوەکانمان لە تەواوی شار و گوندەکان لە ڕێگەی ناوەندە چالاکییەکانمانەوە کۆنتاکتمان هەیە، لاوان بڕوایان بە پارتی هەیە، ڕووبەڕووی ئەو ئیرهابە فکرییە بوونەتەوە، کە چەند لایەنێکی هیچ لە هەگبەدا نەبوو دەستیان پێکردووە".

دڵشاد محەمەد، بەرپرسی لقی پارێزگای هەڵەبجەی یەکێتیی قوتابیان، لای خۆیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "ئێمە لە ڕێگەی ناوچەکانمان لە تەواوی سنوورەکە سەردان و بە سەرکردنەوەمان لەگەڵ قوتابیان هەیە و دەمانەوێت زۆرینەی دەنگی قوتابیان لەم هەڵبژاردنە بۆ کاندیدی پارتیمان بێت، بەو کۆبوونەوە و سەردانانەمان کە لەگەڵ قوتابیان هەمانە، گەشبینین ڕێژەیەکی بەرچاو دەنگیان بۆ پارتییە".

گوتیشی: "ئەو ماوەیەی لە بەردەمماندا ماوە، هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ لە چوارچێوەی بانگەشەیەکی هێمن و کارنامەی پارتیمان، بۆ سەرخستنی کاندیدەکەمان بڕواشمان هەیە قوتابیان هۆشیارانە دەنگ بەو حزبە دەدەن کە خزمەتی گەورەی بە توێژی قوتابیان کردووە و ناوەندێکی گەورەی ئەکادیمی خوێندنی دامەزراند و چەندین زانکۆی گرنگ لەم وڵاتە هەیە و ئاستی خوێندن لە ئاستێکی بەرزدایە".

شاد ڕزگار، بەرپرسی پەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، دەڵێ: "ئێمە هەر ئەنجوومەنی ناوەندێکمان کردووەتە گرووپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن و چالاکانە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین لە هۆشیاریدان بە ئافرەتان لە دەنگدان بە پارتیمان، بەڵێنی ئافرەتانی سنوورەکەشمان ئەوەیە دەنگیان بۆ ئەو حزبە دەبێت، کە پێگەی ژنی لا گەورەیە، هەروەها ژنێکی کاندید کردووە و شانازی دەکەن دەنگ بە ژن دەدەن".

ڕوونیشی کردەوە: "پارتی لە دامەزراندنییەوە گرنگیی بە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان داوە لە شۆڕش و لە حکومڕانیی شاریش پێگەی ئافرەتان لە دامەزراوەی حزبی و حکوومەتدا دیار و لەبەرچاوە، هەروەها لە سایەی پارتی مافی ئافرەت پارێزراوە و پێگەی ژنی لە زۆربەی پرسەکان بەرەو پێشەوە بردووە، ئێمەی ئافرەتان کار دەکەین بۆ بەهێز هێشتنەوەی پێگەی پارتی، چونکە دەزانین بەهێزیی پارتی، زامنی پاراستنی مافی ئافرەتانە، هەروەها بڕواشمان وایە پارتی بەهێز بێت، بەگشتی پێگەی کوردستان بەهێز دەبێت و پەرلەمانتارەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پارێزەری ماف و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەبن".

بەرپرسی هەرسێ ڕێکخراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن: "لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە بە سەرپەرشتیی مەکتەبی جەماوەرییەکانی لقی ١٢ـی پارتی، بنکەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردنیان کردووەتەوە، لەسەر ئاستی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و قەزا و ناحیەکان گرووپی هاوبەشیان هەیە بۆ هەڵمەتی ماڵ بە ماڵ و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی بەرنامەی پارتی بۆ هاووڵاتیان و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ کاندیدی پارتیمان".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار