"لە دھۆک تەنیا ٥٥ ھەزار کارتی بایۆمەتری لای کۆمسیۆن ماون"

بەپێی بڕیاری کۆمسیۆن تا ٤٨ کاتژمێر بەر لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری بەردەوام دەبێت و بەرپرسی ئوفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت، لە سنووری پارێزگای دھۆک تەنیا ٥٥ ھەزار کارت ماوه و خاوەنەکانیان سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنیان نەکردووە بۆ وەرگرتنەوەیان.
خالد عەباس، بەڕێوەبەری ئوفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژانە لەلایەن بنکەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە و لە سنووری پارێزگای دھۆکیش زیاتر لە ٤٠ بنکەی کۆمسیۆن ڕۆژانە خەریکی دابەشکردنی کارتن بەسەر ئەو دەنگدەرانەدا کە پێشتر بەشداریی پڕۆسەی بایۆمەترییان کردووە و کارتەکانیان لە ئۆفیسی سەرەکی گەڕاوەتەوە.''
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتیشی: "لە پارێزگای دھۆک تەنیا ٥٥ ھەزار کارتی بایۆمەتری ماون و خاوەنەکانیان وەریان نەگرتووەتەوە، بەڵام ڕۆژانە خاوەنی کارتەکان سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن دەکەن و تا چەند ڕۆژێک پێش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، دابەشکردنی کارت بەردەوام دەبێت.''
خالد عەباس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "داوا لە دەنگدەران دەکەین سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان و بەپێچەوانەوە دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی، کارتەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئۆفیسی سەرەکی لە بەغدا و دەنگدەر بەبێ کارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانی نابێت لە ڕۆژی ١٠ی مانگی داھاتوو.''
قائید میرۆ




