کاندیدێکی پارتی: لە بەغدا کار بۆ شایستە داراییەکانی ھەرێم دەکەین

ھەولێر -KDP.info- کاندیدی ژمارە ٣٣ی پارتی لە بازنەی ٤ی پارێزگای ھەولێر گوتی، ''کە ڕۆیشتین بۆ بەغدا یەکەم کارمان ئەوە دەبێت یاسایەک دەربکرێت بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران ناچار بکرێت، مانگانە بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، بەم جۆرە کێشەی ناردنی مووچەی ھەرێمی کوردستان بەتەواوی چارەسەر دەبێت.''
مەریوان قەرەنی، کاندیدی ژمارە ٣٣ی پارتی لە بازنەی ٤ی پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە بازنەی چواری ھەولێر کاندیدم، پێش ئەوەی ھیچ کەسێک ھەڵبژێردرێت و ببتە پەرلەمانتار، دەنگدەر مافی خۆیەتی بزانێت ئەو کەسە تا چەند لە داخوازییەکانی سنوورەکەی خۆی تێ گەیشتووە و لە بەغدا چ دەکات بۆ بەدیھینانی ئەو داخوازییانە.''
مەریوان قەرەنی گوتیشی: ''ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانیشی دەزانین خەڵکی ھەولێر، ژمارەیەکی زۆر داخوازی و پێویستییان ھەیە کە بەشێکی لە بەغدا بەدەست دەھیندرێت، یەکەمین داواکاریی جەماوەر ئەوەیە کە ھەرچۆنێک بێت ڕێ نەدرێت جارێکی دیکە بەغدا بودجە و مووچەی ئەو خەڵکەی ببڕێت.''
باسی لەوەش کرد: ''پارتی پێشتر بەڕاشکاوی باسی کردووە کە دەچینەوە بەغدا و فشارێکی زۆر لە حکوومەتی عێراق دەکەین ھەتا جارێکی دی دەست بۆ کارتی مووچە و بودجە نەبات، بەس تاکە ئامانجیشمان مووچە نییە و ئێمە کوردین و قەزیەیەکی نەتەوەییمان لە عێراق ھەیە، بۆیە مووچە بەشێک دەبێت لەو بابەتانەی کە پارتی بە ھەموو توانایەوە کاری لەسەر دەکات.''
قەرەنی ڕوونیشی کردەوە: ''پەرلەمانتارانی کورد کە دەچنە بەغدا، دەبی یەکەمین ئیشیان ئەوە بێت کە یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق دەربکەن، حکوومەتی عێراق (ھەر کەسێک سەرۆکی حکوومەتەکەی بێت) ناچار بکات بە ناردنی مانگانەی بەشەپارەی مووچەی مووچەخۆران و بودجەی ھەرێمی کوردستان و، مەوزووعی مووچە و بودجەی لە ململانێ و کێشە سیاسییەکان دەربھێندرێت، چونکە ئەو مەوزووعە پەیوەندیی بە بژیوی خەڵکییەوە ھەیە و بە نەناردنی، خەڵک دەکەونە برسییەتی، خۆ ھەمووان دەشزانن دەستووری عێراق ڕێی بەو برسیکردنەی نەداوە.''
ئەو کاندیدە زیاتر گوتی: ''کەواتە ئەو یاسایە کە بڕگەی ئەوھای تێدا بێت کە بە یاسای بودجەی ساڵانەش نەتواندرێ دەستکاری بکرێت، گەرەنتیی ئەوە دەکرێت کە بەغدا لەسەر ناردنی مانگانەی پارە بۆ ھەولێر بەردەوام بێت، بەو جۆرەش مووچەخۆران دەتوانن لەسەر مووچەکانیان بەردەوام بن.''
لە کۆتاییدا گوتی: ''چۆن وا بکەین پەرلەمانتارە عەرەبەکان بە دەرکردنی یاسایەکی لەم جۆرە ڕازی ببن، لەو بڕوایەم کە ئەگەر ھەموو پەرلەمانتارانی کورد لەسەر ئەو بابەتەی ڕێک بکەون و کەس نەداتە لاملی و یەکڕیزیمان لە بەغدا ھەبێت، کورد دەتوانن ئەو داوایە بکەنە مەرجی سەرەکیی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بەو جۆرەش لایەنە عێراقییەکانی دی ناچار دەبن بە داواکارییەکەی کورد ڕازی بن.''
بڵند ئیبراھیم




