٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە سنووری قەزای دەشتی ھەولێر ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن"

سەرچاوە: KDP.info

لە سنووری قەزای دەشتی ھەولێر ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن و پارێزگاری ھەولێریش دەڵێت، ''لەسەر ڕێنماییی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جیاوازی ناکەین لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھەموو شوێنەکان.''

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لە کاتی دانانی بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژە لە قەزای دەشتی ھەولێر گوتی: "لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر بە گوژمەی دوو ملیار و ١١٨ ملیۆن دینار پڕۆژەکانی بنەسڵاوە، قوشتەپە، دارەتوو، ڕێگای مۆرتکە بۆ لاجان و لێدانی ژمارەیەک بیر جێبەجێ دەکرێن و ھەوڵمان داوە زیاتر لەو ناوچانە پڕۆژە جێبەجێ بکەین کە پێشتر کەمتر پڕۆژەیان تێدا کراوە.''

پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: "لەژێر ڕێنمایییەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا تەوازونێک دروست دەکەین بۆ ئەوەی ھەموو شوێنەکان خزمەتگوزاییان بۆ دابین بکرێت و جیاوازیی نێوان شار و دەرەوەی شار نەمێنێت.''

ئەندازیار سیروان عومەر، لە سەرۆکایەتیی شارەوانی بنەسڵاوەش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک پڕۆژە خراونەتە بواری جێبەجێکردن و ژمارەیەکی دیکەش لە ڕۆژانی داھاتوودا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێستا ژمارەیەک پڕۆژە لەژێر جێبەجێکردنن، لەوانەش دروستکردنی ئاوەڕۆ و قیڕتاوکردنی گەڕەکی گەڕەسۆر و پارەی تەرخانکراویش ٩١٦ ملیۆن دیناری عێراقییە بۆ قۆناغی یەکەم، ھەروەھا شەقامێکی سەرەکی لەنێو شارۆچکەی بنەسڵاوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش دەچنە بواری جێبەجێکردن، لەوانەش قیڕتاوکردنی گەڕەکی گوڵان.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار