٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەجیبە نەجیب: پارتی زۆرترین بەرگریی لە شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان کردووە

سەرچاوە: KDP.info

لە پەیامی پارتیدا ھاتووە کە بۆ چوار ساڵی داھاتوو کار بۆ دابینکردنی بەشەبودجە و شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن لەپێناو ژیانێکی خۆشتردا. پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراقیش دەڵێت، زۆرترین بەرگری لە مووچە و بودجەی کوردستان لەلایەن پارتییەوە بووە.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ماوەیەی لە بەغدا بووین پەرلەمانتارانی پارتی زۆرترین بەرگرییان لە ماف و شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان دەکرد، ھەر لە دابینکردنی مووچە و بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستانەوە تا شایستەکانی جووتیاران و فەرمانگە فیدڕاڵییەکان لە ھەرێم، بێگومان بەغدا دەیویست بە بڕینی مووچە و بودجە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بشکێنێت، بەڵام سەری نەگرت و ئێمە سەر کەوتین بەسەر ئەو پیلانەدا.''

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پێویستە دەنگدەری ئێمە لە ڕۆژی دەنگدان وشیار بێت، لەبەر ئەوەی دەنگدان بە پارتی، واتا خۆت کەسایەتییەکی بەھێزیت و بەھێزتر دەبیت، من خۆم چەندین ساڵ لە بەغدا بووم، زۆرترین کارمان بۆ دابینکردن و بەرگری لە مافە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان بوو.''

نەجیبە گوتیشی: "نەک تەنیا ئەندام و لایەنگرانی پارتی، بەڵکوو ئەندام و لایەنگرانی حزبەکانی دیکەش چاویان لە دەستی پارتییە بەرگری لە مافە دارایییەکانیان بکات، ئەمەیە سەرکەوتنی پارتی، بێگومان لە چوار ساڵی ئایندەشدا پارتی دەتوانێت کار بۆ دابینکردنی بەشەبودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان بکات، بینیمان لە ڕابردوودا ئەوەی بەدەستمان ھات بە ھەوڵی ھەردوو بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بوو.''

نەجیبە نەجیب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "نوێنەرانی پارتی لە ھەرکوێیەک ھەبن لە چاوی خەڵکی دیکەی غەیرە کوردستان و ھەتا لای نوێنەرانی وڵاتانی جیھان لە بەغدا پەرلەمانتارانی پارتی سەنگی خۆیان ھەبوو و جێگەی متمانە بوون.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار