ئەمڕۆ وەزیری بازرگانیی توركیا دەگاتە ھەرێمی كوردستان

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانیی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری بازرگانیی توركیا دەگاتە ھەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و وەزیری بازرگانی كۆدەبێتەوە، لە كۆبوونەوەكانیشدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكرێت، كە ساڵانە لە نێوان ھەرێم و توركیادا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەگاتە نزیكەی ٥ ملیار دۆلار.
كاروان سورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ وەزیری بازرگانیی توركیا و شاندی یاوەری بێنە ھەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و وەزیری بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆببنەوە.
گوتەبێژی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی گوتیشی، مەبەست لەو كۆبوونەوەیە، پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و زیادكردنی قەبارەی بازرگانییە لە نێوان ھەرێم و توركیادا.
سورچی دەشڵێ، لە نێوان عێراق و توركیادا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە نزیكەی ١٠ ملیار دۆلارە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و توركیاش نزیكەی ٥ ملیار دۆلارە، بۆیە كار دەكرێت بۆ ئەوەی زیاتر بكرێت، لەبەر ئەوە ئەو جۆرە سەردانانە ئەنجام دەدرێن.
بڵند ئیبراھیم




