نێچیرڤان بارزانى: چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عیراق، ڕوانگه‌یه‌كى تازه‌ى ده‌وێت

هەولێر-KDP.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 25/9/2021 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڕێزان باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و بەرپرسانی ئیداریی هەرێمی كوردستان و مامۆستایانی زانكۆ و كەسانی ئەكادیمی، لە هەولێر كۆنفرانسی (عیراق .. قەدەرێكی تراژیدی) بەڕێوەچوو.
لە كۆنفرانسەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی لەبارەی دۆخى سیاسى و كێشه‌كانى عیراق و چاره‌سه‌رییه‌كانى پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش،
هەموو لایەك بە خێر بێن..
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ سوپاسى ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆنفرانسه و ماندووبوونیان بكه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ خۆیان و ڕاسپارده و ئه‌نجامى باش بۆ كۆنفرانسه‌كه‌یان ده‌خوازم.
له‌وانه‌یه پێویست نه‌كات بچمه‌وه سه‌ر بارودۆخى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى سه‌د ساڵی پێشتر كه تیایدا عیراق و ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه، چۆن و به چ شێوه‌یه‌كى ناسروشتى، بێ له‌به‌رچاوگرتنى خواست و مافه‌كانى گه‌لى كوردستان، دامه‌زران. ئه‌مه بۆ به‌ڕێزان پسپۆڕان و به‌شدارانى كۆنفرانسه‌كه‌تان جێده‌هێڵم.
بێگومان گه‌لى كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه، ئه‌وە سه‌د ساڵه زۆریان چه‌شتووه! به داخه‌وه دواى سه‌ده‌یه‌كیش، هێشتا گه‌لى كوردستان هه‌ر گیرۆده‌ى به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانیه‌تى. وه‌ك چۆن هه‌میشه ترسى له ڕابردوو هه‌بووه، ئه‌مڕۆش هێشتا ترسى له ئێستا و له داهاتوو هه‌یه!
عیراق، واتە وڵاتی پێکهاتەکان. هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە سێ ویلایەتی مووسڵ و بەغدا و بەسرا پێکهاتووە. ئەو سێ ویلایەتە بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێکهاتەی کولتوورییان لێک جیا بوون. کورد لە باکوور، سوننە لە ناوەڕاست و شیعە لە باشوور. لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین پێکهاتەی دیکەی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یى لە عێراقدا هەن. عیراق وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایینە.
بە بۆچوونی من کێشەی سەرەکیی عیراق وەک هەر وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەمەزهەب، بریتییە لە کێشە لەسەر دەسەڵات. ئەوە دیاردەیەکی سروشتییە کە لە وڵاتێکی وادا لایەنە سیاسییەکان بۆچوون و ڕای جیاوازیان هەبێت. ئه‌وه کاتێک دەبێته گرفت کە لایەنێک بیەوێت بۆچوونی خۆی بەسەر هەموو لایەنەکانی دیكه‌دا بسه‌پێنێت، یان بۆ یەکلاکردنەوەی كێشه‌كان، پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز یان سزا ببات، ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌میشه له عیراق ڕوویداوه.
به‌ڕێزان..
هه‌ر له سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عیراق له ساڵی 1921ـه‌وه، له به‌غدا عه‌قڵیه‌تى هێز حاكم بووه كه ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌ى به‌سه‌ر ئەم وڵاتەدا هێنا! عیراقێكى زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند به سامانى سروشتى، ده‌وڵه‌مه‌ند به سامانى مرۆیى، ده‌وڵه‌مه‌ند به پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و فره‌كولتوورى، له پێگه‌یه‌كى جوگرافیای ستراتیژیدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و عه‌قڵیه‌ته نه‌بوایه، ئێستا یه‌كێك له وڵاته به‌هێزه‌كانى ناوچه‌كه ده‌بوو!
سه‌د ساڵه له عیراق هه‌مان هه‌ڵه دووباره ده‌كرێته‌وه. وانه له ئه‌زموونى تاڵ و شكستى دواى شكست، له شه‌ڕى دواى شه‌ڕ و له‌و هه‌موو باج و ماڵوێرانییه وه‌رناگیرێت كه گه‌لان و پێكهاته‌كانى عیراق بنیویانه! بۆچى له كاتێكدا ئێمه له عیراق ده‌توانین ده‌وڵه‌تێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو بین، ده‌بینه یه‌كێك له خراپترینه‌كان؟! دامه‌زراوه‌كانى فه‌له‌ج ده‌بن، شاره‌كانى ده‌بنه مه‌ترسیدارترین شارى جیهان بۆ ژیان، هاووڵاتیانى هێشتا له نه‌بوونى خزمه‌تگوزاریى زۆر سه‌ره‌تایى، بێبەشن!
خه‌ڵكى عیراق شایسته‌ى ژیان و ئێستا و داهاتوویه‌كى زۆر باشترن! ژیانێك به‌ره به‌ره ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانى ڕابردوو ساڕ‌ێژ بكات، به ئومێده‌وه به‌ره‌و ئاینده هه‌نگاو بنێت. ئه‌مه به واقعبینى و به خوێندنه‌وه‌ى ڕاست و به تێگه‌یشتن و ڕوانگه‌یه‌كى تازه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عیراق ده‌كرێت. به عه‌قڵییه‌تى زۆرینه و كه‌مینه، به دروستكردنى میلیشیا، به ڕاوه‌ستاندنى دامه‌زراوه‌كان، به هه‌ژموونى تایفه‌گه‌رى، به هه‌ڕه‌شه‌ى شه‌ڕى ناوخۆیى و بیرى ته‌سكى سه‌رده‌ستى، بە هیچ شێوەیەك ئەمە نایەتە دی!
ده‌سه‌ڵاتداران له عیراق نابێ چیتر ئه‌سیرى ده‌ستى ڕابردوویه‌كى تاڵ بن! بۆ ئه‌وه‌ى عیراق ببێته وڵاتى هه‌مووان، ببێته وڵاتێكى سه‌قامگیر و ئاوه‌دان و پێشكه‌وتوو، ببێته ئومێدى ژیان بۆ نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتوو، ده‌بێ هه‌موومان به جورئه‌ته‌وه دان به هه‌ڵه‌كانى ڕابردوودا بنێین و خواست و هه‌وه‌سى خۆسه‌پاندن و چه‌ندباره‌كردنه‌وه‌ى ڕابردوو، واز لێ بێنن. ئارامى و سه‌قامگیریى عیراق، په‌یوه‌ندى به ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه و جیهانه‌وه هه‌یه.
نموونه و ئه‌زموونه تاڵه‌كه دوێنێ یه، زۆر دوور نییه! ئه‌گه‌ر عیراق ئارام و سه‌قامگیر نه‌بێت، ناوچه‌كه‌ش ئارام و سه‌قامگیر نابێت! عیراق ئارام و سه‌قامگیر نه‌بوو، داعش له دایك بوو! ئه‌گه‌ر هیچ نه‌گۆڕیت، كێشه‌كانى عیراق چاره‌سه‌ر نه‌كرێن و هه‌مان هه‌ڵه‌ى سیاسى و په‌راوێزخستنى پێكهاته‌كان، هه‌مان عه‌قڵییه‌تى هێز و خۆسه‌پاندن و نه‌خوێندنه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر به‌رده‌وام بێت، بێگومان سبه‌ى داعشێكى دیكه له دایك ده‌بێت، هه‌مان چیرۆك، خراپتر دووباره ده‌بێته‌وه. ئه‌وسا ئاسایش و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه و جیهانیش ده‌كه‌وێته‌وه مه‌ترسییه‌وه!
كۆد و كلیلى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عیراق، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه له‌گه‌ڵ به‌غدا. سه‌د ساڵه به‌غدا نایه‌وێت كێشه‌كانى گه‌لى كوردستان چاره‌سه‌ر بكات، سه‌د ساڵه عیراق نائارام و ناسه‌قامگیره! سه‌د ساڵه هه‌موو توانا و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كانى عیراق، بۆ كڕینى چه‌ك و شه‌ڕ خه‌رج ده‌كرێن و جگه له ماڵوێرانى و كاره‌سات و مه‌ینه‌تیى بێ بڕانه‌وه، هیچى دیكه‌ى بۆ عیراق نه‌هاتۆتە دی!
ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێ بیڵێم ئه‌وه‌یه: ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌ولێر و به‌غدا پێكه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. هه‌ولێر و به‌غداى سه‌قامگیر، واته عیراقێكى ئارام بۆ خۆى و بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. بۆیه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌ركى له‌سه‌ره و ده‌بێ یارمه‌تیى عیراق بدات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى.
به‌ڕێزان..
له عیراقى تازه‌دا، کوردستان هه‌رێمێكى فیدراڵیى دەستوورییه. هەرێمێکی فیدراڵی، واتە پێکهێنەرێکی عیراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵ. فیدرالیزم بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان دوو مانای هەیە: یەکەم، واته هاوبەشی لە دامه‌زاراوه‌كانى ده‌وڵه‌تدا، له دەسەڵاتی دارایی، سەربازی و سیاسی‌دا. دووەم واتە دابەشکردنی دەسەڵات لەڕووی جوگرافییەوە. ئه‌وه كرۆكى فیدرالیزمه کە له واقعى تازه‌ى عیراقدا دەستوور چەسپاندوویەتی.
کە دەڵێین کوردستان دوای ڕ‌ژێمى پێشوو خۆویستانە وه‌ك هه‌رێمێكى فیدراڵ بووه‌ته بەشێک لە عیراق، واتە دەبێ هاوبه‌شێكى ڕاستەقینە بێت لە دەوڵەتی فیدراڵیدا. به‌شدارێكى ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا بە هەموو فۆرمەکانییەوە کە باسم کرد دەبێت هەبێت. ئەمە گه‌ره‌نتیى سه‌قامگیرى و گەرەنتیی یەکپارچەییی عیراقی نوێیە. کەواتە چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی سەرەکی لە عێراقدا، بریتییە لە هاوبه‌شى و بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکان لە دەسەڵات و لە دروستکردنی بڕیاردا.
هەر پێکهاتەیەکى عیراق ئەرکی دەکەوێتە سەرشان، بەڵام ئەرکی سەرەکیی هەموو پێکهاتەکان لە عیراقدا بریتییە لە چەسپاندن و کارپێکردنی دەستوور. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، هەمووان بانگێشت دەکەین بۆ جێبه‌جێكردن و چەسپاندنی دەستوور و فیدرالیزم. ئەرک و ماف بەرانبەر یەکترن، ئەگەر دەسەڵاتی فیدراڵ له به‌غدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمى كوردستان بدات، هەرێمى كوردستانیش ئەرکە دەستوورییەکانی خۆى بەوپەڕی باشییەوە جێبەجێ دەکات.
ئێمه، گه‌لى كوردستان و پێکهاتەکانی عێراق ڕێگایەکی دوورمان پێکەوە بڕیوە، هەوراز و نشێومان دیوە، سەختیی زۆرمان تێپەڕاندوە، لە هەمان کاتدا بۆ هەموومان ڕوون بووه‌ته‌وه کە عیراق هی هەموو پێکهاتەکانیەتی، بۆیە ناگونجێت و سه‌ركه‌وتوو نابێت تەنیا یەک پێکهاتە بیەوێت حوکمی عیراق بکات و پێکهاتەکانی دیكه پەراوێز بخات. ڕژێمەکانی ڕابردوو ئەو ڕێگەیەیان تاقیکرده‌وە و شکستیان هێنا، باجەکەش هەموو گەلانی عێراق دایان.
ئێستاش دواى ئه‌و هه‌موو ئه‌زموون و ڕابردووه تاڵه، پەیامی هەرێمی کوردستان لە عیراقی فیدراڵ‌دا، بریتییە لە پەیامی ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان. بانگهێشته بۆ هه‌موو هێز و لایه‌نه عیراقییه‌كان، كه هه‌موومان په‌ند له ڕابردوو وه‌رگرین و پێكه‌وه به ڕوانگه و تێگه‌یشتن و بیرێكى كراوه‌ى هاوبه‌شى تازه، له كێشه‌كانى وڵات و چاره‌سه‌رى كێشەكان بڕوانین و چاره‌یان بكه‌ین! ئه‌زموون سه‌لماندى كه دروشمه‌كان به ته‌نیا، هیچ كێشه‌یه‌ك لەم وڵاتەدا چاره‌سه‌ر ناكه‌ن! ده‌بێ به واقعبینى و به خوێندنه‌وه‌یه‌كى ڕاست له كێشه‌كان بڕوانین و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینەوە!
په‌یامى ئێمه لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە کۆکردنەوی هەموو هێزەکان بۆ گرێبه‌ست و قۆناغێكى تازه لە عیراق، بۆ زیاتر خزمەتکردن و فه‌راهه‌مكردنى ژیانێکی شایستە بە هاووڵاتییان. پرۆسه‌یه‌كى چاره‌سه‌رى كه هه‌مووان تیایدا براوه بن و ئاشتی و سه‌قامگیرى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت، پێویستی بە هەموومانە، بە دڵنیاییەوە کەسیش لەم پرۆسەیەدا زیاد نییە.
له عیراقی نوێ‌دا، دەبێ دڵنیایى و متمانە هەبێت! بۆ چاره‌سه‌رى، ده‌بێ هه‌ر یه‌كێكمان هه‌نگاوێك زیاتر بچینه پێشه‌وه. دڵنیایى و متمانه بنیات بنێینه‌وه تا هەموو پێکهاتەکان هەست بە ئارامی و ئاسووەدیی بکەن، بە زۆرینە و کەمینەوە، به کورد و عەرەبەوە، به توركمان و ئاشوورى و سریان و كلدان و ئه‌رمه‌نه‌وه، بە موسڵمان و کرستیان، به شیعە و سوننه، بە ئێزدى و کاکەیی و سابیئه و هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌كانه‌وه لە عیراقدا. متمانه، ئارامى و سه‌قامگیرى ده‌گێڕێته‌وه.
به‌ڕێزان..
بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیش هه‌ر وایه. گه‌ل و نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌ب و تائیفه و بیروبۆچوونى جیا له ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، به‌ڵام جوگرافیا و مێژوویه‌كى هاوبه‌ش هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه. مێژووى ڕابردوو بریتییه له چه‌وساندنه‌وه، داپڵۆسین، ڕه‌تكردنه‌وه، بێبه‌شكردن و به‌كارهێنانى زه‌بروزه‌نگ، ئه‌مه كرێگوێره‌یه‌كى ئاڵۆزى دروست كردووه كه ئیتر ده‌بێ بكرێته‌وه! به‌ڵام له ئه‌نجامى ئه‌مه‌دا كێ قازانجى كرد؟ سه‌د ساڵه شه‌ڕ و ئاشووب و ئاڵۆزى، به‌رۆكى ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵگه و گه‌لانى ناوچەكەی به‌رنه‌داوه!
ڕه‌تكردنه‌وه و ئینكارى شوناس و ناسنامه، جا چ ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى بێ، چ ئایینى، چ مه‌زهه‌بى، تائیفى، ڕه‌گه‌زى یان هه‌ر شوناشێك بێت، ناڕه‌زایى و كاردانه‌وه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه و سه‌ر ده‌كێشێت بۆ شه‌ڕ و ماڵوێرانى. گۆڕانكارییه‌كانى سه‌رده‌م، پێشكه‌وتنه‌كانى جیهانى تازه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، چیتر به ڕێگه و ئەو میتۆدە كۆنە ناكرێت.
ده‌بێ هه‌موومان له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ڕێگه‌یه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ژیان، یه‌كترقبووڵكردن، لێبورده‌یى و هاوبه‌شى بدۆزینه‌وه. به‌رژه‌وه‌ندى و سیستمى ئابوورى و ئه‌منیى هاوبه‌ش لە ناوچەكە دروست بكه‌ین كه هه‌موومان تیایدا براوه بن و پێكه‌وه به ئاشتى بژین.
پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه، بناغه‌ى داهاتوویه‌كى گه‌شى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته. گرنگه مێژوو و ڕابردوو ته‌نیا بۆ په‌ند و وانه‌وه‌گرتن بێت و چیتر له مێژوودا نه‌ژین! با لێره، له عیراق، له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و له هه‌موو جیهان، مرۆڤایه‌تى، هه‌موومان كۆبكاته‌وه.
له كۆتاییدا، هیوادارم ئەمڕۆ كه ئەم پسپۆرە بەڕێزانە بۆمان باسی مێژووی عێراق دەکەن، کۆمەڵێک وانەی بەسوودمان بێننەوە یاد و بتوانین سوودیان لێوەرگرین بۆ داهاتوو. داهاتوویەک كه بۆ هەموومان بێت و هه‌موومان تیایدا متمانه‌مان هه‌بێت، دڵنیایی و ئاسووده‌یی بۆ هەموولایەك بەدی بهێنێت.
سوپاستان ده‌كه‌م، هیواى كاتێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم. زۆر سوپاسیشتان دەكەم كە پشووتان درێژ بوو، سوپاس بۆ هەموو لایەك، سوپاس بۆ ڕێكخەرانی ئەم كۆنفرانسە.
بە خێر و خۆشی..
-
-
-




