٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگەكانی ئەیلوول بۆ KDP: ئێمە دەزانین پارتی چەندە قوربانیی داوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە هەڵەبجە و هەورامان، داوا دەكەن گەنجان و لاوان دەنگیان بۆ كاندیدەكانی پارتی بێت و باس لەوە دەكەن، ئەو حزبە لە مێژووی دامەزراندنییەوە بە سەرۆكایەتیی بارزانیی نەمر، بۆ یەك خولەكیش پشتی لە كوردایەتی و خزمەتكردن و بەرگریكردن لە میلـلەتەكەی نەكردووە.

عەبدولقادر محەمەد، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمەی پێشمەرگەكانی ئەیلوول قەدری ئەم ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئارامییە دەزانین، كە لەسەر دەستی پارتی و سەرۆك بارزانی بەرهەم هاتووە، ئێمە ساڵانێكی زۆر لە خەبات و شۆڕشی چەكداریمان بەرامبەر دوژمن كردووە و دەردەسەریی زۆرمان بینیوە و خوێنمان بۆ ئازادی و سەرفرازیی میلـلەتەكەمان ڕشتووە، دەیان هاوڕێ و هاوسەنگەرم لەپاڵمدا لە كاتی بەرگری و پەرپەرچدانەوەی دوژمن شەهید بوون، داوا لە هاووڵاتیان دەكەم بە تایبەت گەنجەكانمان، قەدری ئەم ئەزموونە بزانن و حزبێك هەڵبژێرن كە ئامادە نییە سازش لەسەر كوردایەتی و خاكی كوردستان بكات".

مەهدی مەحموود، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، لای خۆیەوە دەڵێ: "داوام لە كوڕ و كچ و نەوەكانم كردووە دەنگیان بۆ پارتی و كاندیدەكەی بێت، ئێمە دەزانین پارتی چەندە قوربانیی داوە تاكو ئەمڕۆ گەلی كورد بە ئازادی و سەرفرازی ژیانی خۆی بكات، ڕۆژانێك هەموو وشەیەكی كوردی قەدەغە بوو و كوردبوون تاوان بوو، كە ژیان بۆ ئێمەی كورد تەنها لە شاخەكان بوو و خەباتی بێوچانی چەكداریمان كردووە تاكو ئەمڕۆ دروست بووە، بۆیە دەشبێت ئەزموون و حكومڕانیی كوردی لە دەستێكی ئەمیندا بمێنێتەوە، ئەویش پارتی و سەرۆك بارزانییە، بۆیە لێرەوە داوا لە هاووڵاتیان دەكەم دەنگیان بۆ پارتی بێت".

فەتاح غەفوور، پێشمەرگەیەكی تری شۆڕشی ئەیلوولە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تاكە حزب و سەرۆكەكەی خۆی نەچەماندبێتەوە لە بەرامبەر دوژمن، پارتی و سەرۆكەكەیەتی، هەموو كات لە شۆڕشی ئەیلوولەوە بە سەرۆكایەتیی بارزانیی نەمر، بەرامبەر نەیاران و داگیركەران ڕاوەستاوە و بە ئاشتی و بەشەڕ داوای ماف و ئازادییەكانی گەلەكەمانی كردووە، بیرمە هەموو كات وەفدی شۆڕش و حكوومەتی عێراق دانوستانیان دەكرد، داوای سەركردایەتیی شۆڕش تەنها ئازادی و سەرفرازی بووە بۆ گەلەكەمان و حكومڕانییەكی ئازاد بۆ كورد، هیچ كات پارتی ئامادەی سازش نەبووە لەسەر بستێك خاك یان مافێكی نەتەوەكەمان، بۆیە دەبێت كوردستان لە دەستێكی ئەمیندا بمێنێتەوە ئەویش پارتییە و تاكو پارتی بەهێز بێت، كوردستان پارێزراو دەبێت، من بە خێزان و منداڵەكانم گوتووە دەبێت تەنها دەنگتان بۆ كاندیدەكانی پارتی بێت".

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار