ڕۆژبەیانی: لە ناوچە کوردستانییەکان خەڵکی دەرەوەی پارتییش دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەن

هەولێر -KDP.info- لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد دەکرێت و پارتییش کار بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە دەکات. سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: ''زانیاریمان ھەیە خەڵکی دەرەوەی پارتییش دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەن.''
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەمێکە کار لەسەر ئەوە دەکرێت پارتی لە ناوچە کوردستانییەکان دەنگ نەھێنێت، بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠١٧ بەدواوە ژمارەیەکی بەرچاو عەرەبی ھاوردە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون، بەشێکی زۆریش لە کەرکووک نیشتەجێ کراون، ھەتا فۆڕمی خۆراکیان گوازراوەتەوە بۆ کەرکووک و ڕەگەزنامەیان لە کەرکووک بۆ دەرکراوە، تا لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا بەکاری بێنن.''
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەو ھاوردەکراوانە ھەمووی بەشداری ھەڵبژاردنەکان دەکەن و ڕێژەی کورد بەرانبەر بە پێکھاتەکانی دیکە کەم دەکاتەوە، ئێمە وەک لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوەمان کردووە.''
جوان ڕۆژبەیانی دەشڵێت: "خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان، بەتایبەتی کەرکووک، دەیانەوێت خەڵکێک، یان لایەنێک ھەبێت خزمەتیان بکات، ئێمە زانیاریمان ھەیە ھەتا خەڵکی دەرەوەی پارتییش دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی تەنیا پارتییە پارێزگاری لەو ناوچانە دەکات بۆ ئەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکاتەوە.''
قائید میرۆ




