"بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کار دەکەین"

شنگال -KDP.info- کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال گوتی، ''ئێمە کە خەڵک متمانەمان پێ بکات دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی کوردانی ئێزدی بکەین و کار دەکەین دۆخی شنگال ئاسایی بکەینەوە و ماددەی ١٤٠جێبەجێ بکرێت.''
مەحما خەلیل، کاندیدی ژمارە ٢٠ی بازنەی سێی سنووری مووسڵ کە شنگال و قەحتانیە دەگرێتەوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەرنامەی ئێمە ئەوە دەبێت کە بچینە بەغدا کار بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی خەڵک دەکەین تاکوو ئاوارەکان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە و ددان بە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیدا بنرێت و قەرەبوو بکرێنەوە و خزمەتگوزاری بۆ خەڵک دابین بکرێت و دۆخەکە کە ئێستا زۆر خراپە ئاسایی بکرێتەوە.''
مەحما خەلیل گوتی: ''جگە لەوەش، کار بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەکەین، چونکە بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دۆخی شنگال ئاسایی دەبێتەوە و چیی تر کەس ناتوانێت زوڵم لە شنگالییەکان بکات، چونکە ئێستا خەڵکی شنگال لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین.''
گوتیشی: ''خەڵکی شنگال ئومێدێکی زۆریان بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە و ئێمەش لە ئاست ئەو متمانەیە دەبین و دەبینە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی شنگال لە بەغدا.''
بڵند ئیبراھیم




