"كەسوكاری شەھیدان دەنگیان بۆ كاندیدانی پارتییە"

هەولێر-KDP.info- كەسوكاری سەربڵندی شەھیدان، دەنگیان بۆ كاندیدانی پارتییە و كوڕە شەھیدێكیش دەڵێ، پارتی تاكە زامنی مانەوە و بەھێزبوونی كوردستانە، پێش ھەموو كەسێك پێویستە كەسوكاری شەھیدان دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن.
بەھرام شەكەوت، كوڕی شەھید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "من وەك كوڕە شەھیدێك ئەمجارەش بە شانازییەوە دەنگم بۆ كاندیدانی پارتییە، لەبەر ئەوەی تاكە زامنی مانەوە و بەھێزبوونی كوردستانن، بەھێزیی پارتی، بە مانای بەرگریكردن لە مافەكانمان دەگەیەنێ، دەنگدان بە كاندیدانی پارتیش، گەرەنتیی داھاتوویەكی باشتر و ئارامتر دەبەخشێت، بۆیە پێویستە كەسوكاری شەھیدان پێش ھەموو كەسێك دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن".
ئازاد كەكشار ژاژۆكی، وەك كەسوكاری شەھید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی ئەو داربەڕووەیە كە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بۆ كرد، بە خوێنی كەسوكاری ئێمە چێندراوە و لەناو ناچێت، لەبەر ئەوەیش ئێمەی كەسوكاری شەھیدان ئاوارەیی و دەربەدەریی زۆرمان چەشتووە و بۆ رۆژی دەنگدانیش ئامادەین بۆ سەرخستنی پارتی و دەنگ بەو كاندیدانە دەدەین، كە ھەڵبژێردراوی پارتی و سەرۆك بارزانین".
سیروان حەمید، كە كوڕی شەھیدێكی دیكەی كوردستانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی كردەوە، رۆژی دەنگدان دەنگی بۆ كاندیدانی پارتییە و دەڵێت: "ئێمە پەروەردەی رێبازی بارزانیی نەمرین و ھەر كەسێك لە هەر ئاستێكدا بێت لەلایەن پارتییەوە كاندید كرابێت دەنگی پێ دەدەین، دڵنیاین لەوەی دەبنە نوێنەری راستەقینەی ئێمەی دەنگدەران و بنەماڵەی شەھیدان".
قائید میرۆ




