پەرلەمانتارێکی پارتی: چاکسازی لە کەرتی پەروەردەدا دەکەین

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامی خۆیدا بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، جەخت لەسەر چاکسازی دەکاتەوە، بە تایبەتی لە کەرتی پەروەردەدا، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، لە رابردوودا چاکسازیی زۆر کراوە و لە داھاتووشدا پارتی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کەرتی پەروەردەدا دەکات.
گوڵستان باقی، پەرلەمانتار و شارەزای کەرتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا بە بۆنەی بەڕێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردن، فەرمانی کردووە گرینگیی زیاتر بە کەرتی پەروەردە بدرێت، بۆ ئەوەی تاکێکی تەندروست بەرھەم بێت، لەو چوارچێوەیەدا پارتی لە ھەموو روویەکەوە ھاوکار دەبێت بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی لە کەرتی پەروەردەدا، تا سیستمێکی پێشکەتووی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان پەیڕەو بکرێت و بتوانین لەو رێگەیەوە پەرە بە کەرتی پەروەردە بدەین".
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "من خۆم ئەندامی لیژنەی پەروەردەم و گلەیی زۆمان بۆ دێت لەبارەی کەرتی پەروەردەوە، نایشارینەوە ھاوشێوەی کەرتەکانی دیکە، کەرتی پەروەردە بەدەر نەبووە لە گەندەڵی، بەڵام چاکسازی لە کەرتی پەروەردە دەستی پێکردووە".
گوڵستان باقی روونی کردەوە: "پلانی پارتی بۆ داھاتوو ئەوەیە، سیستمێکی پێشکەوتووی پەروەردە کە لەگەڵ سەردەمی ئێستادا بگونجێ، ئامادە بکرێت، لەگەڵ ھەموو ئەو ئالیەتانەی لەگەڵ جیھانی پێشکەوتووی پەروەردە پێویستن، ئامادە بکرێن، لەوانەش دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و دامەزراندنی تاقیگە و زۆر شتی دیکەش، تا بتوانین قوتابی ئامادە بکەین پێش ئەوەی بچێتە زانکۆ".
قائید میرۆ




