کاکەییەکانی کەرکووک: دەنگمان بۆ کاندیدانی پارتییە

کەرکووک-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەکانی 1 و 2ی کەرکووک، کاندیدی هەیە، کاکەییەکانی ئەو شارەش دەڵێن، باوەڕمان بە نوێنەرایەتیی پارتی و کادیرەکانی هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆیە دەنگمان بۆ کاندیدانی پارتییە و بانگ لە هەموو کەرکووکییەکانیش دەکەین دەنگی خۆیان بە پارتی بدەن.
لوقمان کاکەیی، چالاکوانی سیاسی لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "پارتی لە کەرکووک دوو کاندیدی هەیە، لە بازنەی دوو مامۆستا نەجوە کاکەیی بەربژێر کردووە، کە دەکاتە ناوەڕاستی کەرکووک، بە گشتی کاکەییەکان دەنگ بە کاندیدەکەی پارتی دەدەن لەگەڵ تەواوی ئەو کەسانەی نیشتیمانین لە دەرەوەی پارتین و یان دەیانەوێت کەرکووک لەو دۆخە ساسی و ئیدارییەدا نەمێنێتەوە".
کاکەیی دەڵێ: "لەو دوو بازنەیەی پارتی کاندیدی هەیە، کاکەییەکان دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەن، جەماوەر، کاری پێشووی شاخەوان عەبدوڵڵایان بینیوە کە چۆن کاری کردووە لە پەرلەمان، هەروەها ماموستا نەجوەش لە ئیشرافی پەروەردە بووە، کە کەسێکی دڵسۆزە و خەڵکی خۆشیان دەوێت، دڵنیاشین تاکو پارتی پەرلەمانتاری لە بەغدا زیاتر بێت و بەهێز بێت، بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان لە چوارچێوەی دەستووردا ئاسانتر دەبێت".
ئاراز لەتیف کاکەیی، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "کاندیدەکانی پارتی بەربژێری ئێمەن و جێگای متمانەی ئێمەن، ئەم ناوچانە کاکەیی زۆرە و زۆربەشمان پارتیین و دەنگمان بۆ بەربژێری پارتییە، پێمان خۆشە پارتی کاکەییەکی بەربژێر کردووە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چونکە کاکەییەکان هەمیشە کوردایەتییان لە پێش هەموو شتێکەوە داناوە و گوێیان بە دەسەڵات و پلە و پایە نەداوە، بۆیە کە بەربژێرێکی کاکەییمان هەیە، پێمان خۆشە و پشتگیریی لێ دەکەین، هەروەها لەگەڵیداین و هیوادارین سەرکەوتوو بن".
ئەو چالاکوانە زیاتر گوتی: "گرنگە کاندیدانی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نوێنەرایەتیی کەرکووکییەکان بکەن، دڵنیاین بە سەرکەوتنی کاندیدانی پارتی، کار دەکرێت بۆ گۆڕانکاری لەو دۆخە سیاسی و سەربازی و ئیدارییەی سەپێندراوە لە شارەکەمان، هیچ کاتیش لەم دۆخەدا کاکەییەکان لە ئاسایش و ئارامیدا نەبوون".
ڕاید کاکەیی، لای خۆیەوە دەڵێ: "کاکەییەکان دڵنیان بەهێزیی پارتی کەشێکی ئارام بۆ کاکەییەکان دەستەبەر دەکات، ئێمەی کاکەیی لەو دوو بازنەیەی پارتی کاندیدی هەیە، دەنگ و قورساییمان هەیە و دەنگەکانمان بۆ کاندیدانی پارتی دەبێت، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی کەرکووکییەکان بکەن".
گوتیشی: "بەردەوامین لە بانگەشە بۆ کاندیدانی پارتی لە کەرکووک، هیواشمان زۆرە شاخەوان عەبدوڵڵا و مامۆستا نەجوە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنن، هەروەها داواش لە کەرکووکییەکان بە گشتی و کاکەییەکان بە تایبەتی دەکەم، دەنگیان بۆ کاندیدانی ئەو حزبە بێت کە داگیرکاریی ڕەت کردەوە و، کە گەڕاشەوە بۆ شارەکەمان، بە ئاڵا و شکۆوە گەڕایەوە و ئاماددە نەبوو وەک کۆمەڵێک لایەن بەبێ شەکانەوەی ئاڵا و لەژێر دەستی داگیرکاریی سەربازیدا بێت".
عەزیز ڕەسووڵ




