ڕۆشنبیران: ده‌نگمان بۆ پارتییه

سلێمانی-KDP.info- نووسه‌ران و رۆشنبیرانى سلێمانى پاڵپشتیى خۆیان بۆ سه‌رخستنى کاندیدانى پارتى دیموکراتى کوردستان ده‌رده‌بڕن و ده‌ڵێن، "مێژووى ڕۆڵى پارتى وه‌ک حزبێکى نه‌ته‌وه‌یى له ڕابردوو و ئێستادا ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ى لێ کەوتووەتەوە که به‌دیلى پارتى هه‌ر پارتییه".
لانه حافز، مامۆستای زانکۆ، بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستان گوتی: "وه‌ک مامۆستایه‌کى زانکۆ ده‌نگم بۆ لیست و کاندیدانى پارتییه، بێگومان گەیشتن به‌م قه‌ناعه‌ته به‌ره‌نجامى خوێندنه‌وه‌یه‌کى قووڵى مێژوویییه بۆ ڕابردوو و ئێستاى پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەو حزبەی کە هه‌ر له سه‌ره‌تاى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى گه‌لى کوردەوە هه‌میشه له سه‌نگه‌رى به‌رگریکردن له ماف و داوا ڕه‌واکانى خه‌ڵکى کوردستاندا بووه و، له هیچ قۆناغێکى مێژوودا پارتى له میلله‌ته‌که‌ى خۆى دانه‌بڕاوه و له‌و پێناوه‌شدا به هه‌زاران قوربانیى داوه، مێژووى پارتى پڕه له تێکۆشان و به‌رخودان، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ى نه‌یارانى پارتی‌یش ئه‌م شاهێدیه‌ی بۆ ده‌ده‌ن، بۆیە ئێستا بوون و مانه‌وه‌ى پارتى بووه به زه‌رووره‌تێکى حه‌تمى بۆ داکۆکیکردن له مافه ڕه‌واکانى گه‌لى کورد و هه‌رکاتێک پارتى به‌هێز بووبێت، توانیومانه ده‌ستکه‌وتى زیاتر به‌ده‌ست بهێنین، بۆیه به بۆچوونى من ده‌نگدان به پارتى بووه‌ته ئه‌رکێکى نه‌تەوه‌یى له‌سه‌ر شانى هه‌ر تاکێک".
پەیوەست بەم بابەتە، نووسه‌ر و چاودێرى سیاسى، شاباز سیوه‌یلی، بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستان ده‌ڵێت: "پارتى هه‌ر له سه‌رەتاى دامەزراندنییەوە ڕۆڵێکى گرنگى بینیوه و هەڵگرى ناسنامه‌ى نەته‌وه‌یى بووه و هه‌میشه له هه‌وڵى هۆشیارکردنه‌وه‌ى هاووڵاتییان و به‌ده‌ستهێنانی مافەکانیاندا بووه له ته‌واوى پارچه‌کانى کوردستان، له‌و پێناوه‌شدا بێ ئەوە گوێ بە هیچ شتێک بدات ئاماده‌ى هه‌موو قوربانییه‌ک بووه.''
سیوەیلی دەشڵێت: ''پارتى خاوه‌نى مێژووى شۆڕشى گوڵان و ئه‌یلوول و چه‌ندین ده‌ستکه‌وتى گرنگى مێژویییه و، هه‌میشه هه‌وڵى بۆ یه‌کڕیزى و یه‌کده‌نگیى کورد داوە، ئه‌مه‌ش له به‌ره‌ى کوردستانی‌دا به‌ته‌واوى ڕه‌نگى دایه‌وه ئه‌و کاته‌ى سه‌رۆک بارزانى توانیى دید و سرنجى کۆى لایه‌نه سیاسییه‌کان بۆ یه‌ک ئامانجى دیاریکراو ئاڕاسته بکات، که ئه‌ویش ڕوووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داگیرکەرى و هه‌ڵگیرساندنى ڕاپه‌ڕینى ئادارى 1991 و دواتریش له‌دایکبووونى په‌رله‌مان و حکوومه‌تى هه‌رێم بوو. له قۆناغى ئێستاشدا پارتى له ئاستى حکوومه‌ت و په‌رله‌مان توانیویه‌تى بنه‌ماکانى ده‌وڵەتدارى بچه‌سپێنێت و له ئاوه‌دانکردنه‌وه و بنیاتنانى ژێرخانى ئابوورییه‌کى پته‌ودا جێگه‌ده‌ستى دیار بێت، که دڵنیام بۆ داهاتوو له ئێستا زۆر باشتر ده‌بێت.''
ئەو نووسەر و چاودێرە ئاماژەی بەوەش دا: ''له ئاستى پەیوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه هه‌ولێر بووه به چه‌قى گۆڕان لە ناوچەکەدا و وڵاتانى زلهێز ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تیى سیاسیى کورد به‌هێز بکه‌ن و به‌راورد به ڕابردوو‌و هاتنى شانده‌کان زۆر زیاتر بوون، که ئه‌مه‌ش بێگومان هه‌مووى به‌ره‌نجامى ئه‌و سیاسه‌ته دروسته‌یه وا پارتى کارى بۆ کردووه، بۆیه به شانازییه‌وه ده‌نگم بۆ پارتییه".
هەر لەم بارەیەوە، سامان بابه‌عه‌لى، نووسه‌ر و ڕۆشنبیر، بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستان گوتی: ''ده‌نگم بۆ پارتییه، چونکه ئێستا پارتى یه‌کێکه له هێزه هه‌ره کاریگه‌ره‌کانى هه‌رێمى کوردستان و گۆڕەپانى عێراق و حزبى حوکمڕانی و به‌رپرسیاریه‌تییه و هه‌ڵگرى ستراتیجیى نه‌تەوەیی و نیشتمانییه و ده‌توانێت گه‌شه بکات، له به‌غداش توانیویه‌تى لە سه‌نگه‌رێک دژى نه‌یاره‌کانیدا بوه‌ستێت و به هه‌موو توانایه‌وه کار بۆ به‌دیهێنانى مافه ده‌ستوورییه‌کانى کورد بکات و به‌کرده‌وه‌ش سه‌لماندویه‌تى، بۆیه ده‌نگم بۆ پارتى دیموکراتى کوردستانه.''
ئەرسەلان ئەحمەد




