٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدێکی پارتی لە مووسڵ: دەمانەوێت ئەزموونی ئاوەدانی و پێکەوەژیانی ھەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ ناوچەکانی خۆمان

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- کاندیدی ژمارە ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی چواری مووسڵ کە ھەرسێ قەزای تلەعفەر و زوممار و عەیازییە دەگرێتەوە، ڕایگەیاند، ''ئێمە بچینە بەغدا کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی پێکەوەژیان و ئاوەدانی و ئازادییەوە بگوازینەوە بۆ ناوچەکانی خۆمان، چونکە لە ناوچەکانی ئێمە ئازادی و پێکەوەژیان نییە.''

ئیبراھیم قەبۆ، کاندیدی ژمارە ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی چواری پارێزگای مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە دەمانەوێت بچینە بەغدا بۆ ئەوەی چۆن لە ھەرێمی کوردستان خزمەتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکرێت، بە ھەمان شێوە لە سنووری خۆشمان کە ناوچە کوردستانییەکانە خزمەت بکەین، چونکە لە سنووری پارێزگای مووسڵ وەکو پێویست خزمەت ناکرێت، بۆیە پێویستە بۆ خزمەتکردن چاو لە ھەرێمی کوردستان بکەین، ئەوەش لە ڕێگەی فشارخستنە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی ناوچەکەمان بکرێت.''

ئیبراھیم قەبۆ گوتیشی: ''دەمانەوێت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاوەدانییەوە بگوازینەوە بۆ ناوچەکانی سنووری مووسڵ، بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکان و، کەشێک بڕەخسێنین کە بوار بۆ پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان لە ناوچەکانی عێراقیش ھەبێت، چونکە ھەرێمی کوردستان لەو بوارەدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست ھێناوە.''

قەبۆ باسی لەوەش کرد: ''پێویستە چۆن لە ھەرێمی کوردستان ئازادییەکی ڕەھا ھەیە، لەو ناوچانەش جارێکی دیکە ئازادی بۆ خەڵک بگەڕێندرێتەوە، چونکە خەڵکی ئەو ناوچانە بە ھەموو پێکھاتەکان و نەتەوەکانەوە تێنووی ئازادین.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار