جوان عه‌بدوڵڵا: وه‌ك ئافره‌تێكی بوێر له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران پێداگرى له‌سه‌ر مافه ڕه‌واكانى گه‌له‌كه‌م ده‌كه‌م

كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات کە له به‌غدا ده‌بنه داكۆكیكاری سه‌ره‌كیی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و پشتیوانی لە داوا ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ن و ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی گرنگه نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكه".
جوان عه‌بدوڵڵا عومه‌ر، له‌دایكبووى 1989، كاندیدى ژماره 23ى پارتى دیموكراتی كوردستان بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و خاوه‌نی بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس له یاسا و قوتابیى ماسته‌ر له یاسای گشتی، بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''نزیكه‌ى 10 ساڵه ئه‌زموونى كارى حكوومیم هه‌یه، له سه‌ره‌تاوه چه‌ندین ساڵ له زانكۆى سۆران له به‌شه جیاوازه‌كاندا كارم كردووه، وه‌ك بەشی یاسایی، هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ له وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى كارم كردووه، ئێستاش ڕاگه‌یاندكارم له هه‌رسێ لیژنه‌كانى دارایی و یاسایی و سامانه سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان. جگه له كارى حكوومییش، ساڵى 2011 له پرسه یاسایى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له‌گەڵ چه‌ند ڕێكخراوێكى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى ده‌ستم به كارى خۆبه‌خشى كردووه و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه دوو خه‌ڵاتى ڕێزلێنانم له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆ و وه‌زاره‌تى وه‌رزش و لاوانەوە به‌ده‌ست هێناوه، هه‌روه‌ها له ساڵى 2013ـوە ده‌ستم به كارى نووسین كردووه لەسەر پرسه یاسایی و سیاسییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان و عێراق و له گۆڤار و ماڵپه‌ڕه‌كاندا بڵاوم كردوونه‌ته‌وه''.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "بۆ جارى دووه‌مه خۆم كاندید ده‌كه‌م بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بۆ خولى چواره‌میش له ساڵى 2018 له‌لایه‌ن پارتى دیموكراتیى كوردستانەوە كاندید كرابووم، به‌ڵام ئه‌وكات به‌پێى ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نى یاسایی‌ی خۆكاندیدكردن 32 ساڵ بوو، ته‌مه‌نى منیش بچووكتر بوو، نه‌متوانى به‌شدارى بكه‌م، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه بۆ خولى پێنجه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران توانیم متمانه به‌ده‌ست بهێنم و كاندید بكرێم''.
ئه‌م كاندیده ده‌شڵێت: "متمانه‌ى ته‌واوم به خۆم هه‌یه کە له‌پاڵ په‌رله‌مانتاره كورد و عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانى دیكه‌دا كارى په‌رله‌مانتارى بكه‌م و ئه‌م هێز و توانا و گه‌نجیه‌تییه‌م بخه‌مه خزمه‌ت گه‌لى كوردستان به‌گشتی و خه‌ڵكى ده‌ڤه‌رى سۆران به‌تایبه‌تی و بڕواى ته‌واویشم به خۆم هه‌یه، بۆیە كێبڕكێى هه‌ڵبژاردنم ده‌ست پێ كردووه و ئۆمێدەوارم متمانه‌ى خه‌ڵكه‌م به‌ده‌ست بهێنم و له داهاتوودا له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق داكۆكى له مافه ڕه‌واكانى گه‌له‌كه‌م بكه‌م".
جوان عه‌بدوڵڵا ڕاشیگه‌یاند: "ئه‌وه‌ى کە من وەک ئافرەتێک له دوو بنه‌ماڵه‌ى خه‌باتگێڕ و خاوه‌ن شه‌هیدم، بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تیم هه‌بێت و ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تییه‌م بکەوێتە سەرشان و بتوانم له‌مه‌ودا درێژه به خه‌باتى په‌رله‌مانى بده‌م و خزمه‌ت به گه‌له‌كه‌م بكه‌م و به هه‌موو توانامه‌وه له به‌غدا پێداگرى لەسەر مافه ڕه‌واكانى گه‌له‌كه‌م بكه‌م، واته ئه‌گه‌ر متمانه‌ى هاووڵاتییانم بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌ده‌ست هێنا، به‌پێى ئه‌وه‌ى پسپۆڕیى خۆم یاسایه، زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌و مافه ده‌ستوورییانه ده‌كه‌م كه مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان زامن ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت پرسى بودجه و مووچه و شایسته داراییه‌كان، له‌پاڵ ئه‌وه‌شه‌وه كارى جددى بۆ خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و قوربانیانى ئه‌نفال ده‌كه‌م، كه ئه‌وانه ئه‌ولیه‌تى كارى من ده‌بن".
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: ''هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌یه‌كى دیموكراسییه و بریتییه له ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات، له هه‌مان كاتیش‌دا به‌شداریکردنى گه‌له له چاكسازیى سیاسی‌دا، بۆیه ئه‌ركه هاووڵاتییان به جۆشوخرۆشه‌وه به‌شدارى له‌م پرۆسەی چاكسازییه‌دا بكه‌ن، هه‌روه‌ك هاووڵاتییان خۆیان داوای هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختەیان كردووه و هیودارم ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له كه‌شێكى ئارام و سه‌ركه‌وتوودا به‌ڕێوه بچێت و به شێوه‌یه‌كى شارستانیانه و مه‌ده‌نیانه و دوور له له‌كه‌داركردنی یه‌كتر و به شێوازێكى دیموكراسییانه وه‌رى بگرین و ده‌رئه‌نجامى باشى هه‌بێت".
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "ئه‌گه‌ر ئێمه‌ى كورد به یه‌ك لیست به‌شداریى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانمان بكردبایه، كاردانه‌وه‌ى باشترى ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و ڕێژه كورسییه‌ى به‌ده‌ستى ده‌هێنین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه وه‌ك كاندیدانى پارتى دیموكراتی كوردستان بڕوامان به خۆمان هه‌یه كه ئه‌م ڕێژه كورسییه به‌ده‌ست بهێنین، هه‌روه‌ك خوله‌كانى پێشووتر و بگره ئه‌م جاره ڕێژه‌ى كورسییه‌كانمان زیاتریش بێت".
ئاشكراشى ده‌كات: "ئه‌مە ئه‌زموونى پارتى له هه‌رچوار خولى په‌رله‌مانى عێراقدایە كه زیاتر به‌رگریكردن بووه له‌سه‌ر هه‌مووی ئه‌و پرسه چاره‌نوسسازانه‌ى كه په‌یوه‌ندییان به هه‌رێمى كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانه‌وه بووه، هه‌روه‌ها زۆر جار قوربانیی داوه له‌پێناو مافه ڕه‌واكانى گه‌له‌كەیدا و ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت كه پارتى حزبێك بووه خۆى به خاوه‌نی پرسى كورد و پێكهاته‌كانى كوردستان زانیوه، بۆیه باوه‌ڕى ته‌واومان به‌وه هه‌یه كه خه‌ڵكى كوردستان به شێوه‌یه‌كى زیاتر ده‌نگ به كاندیده‌كانى پارتى ده‌ده‌ن".
جوان عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێت: ''من تاكه كاندیدى ئافره‌تم کە له ده‌ڤه‌رى سۆران كاندید كراوم و به باوه‌ڕ و متمانه‌ى زۆره‌وه كێبڕكێ له‌گه‌ڵ كاندیده‌كانى دیكه ده‌كه‌م بۆ به‌ده‌ستهێنانى متمانه و ده‌نگى هاووڵاتییان، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه عێراق یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ى ئافره‌تان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دووچارى زۆر پێشێلكارى ده‌بنه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز كۆڵ ناده‌م و به‌هیوام به به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگێكى زۆر، خۆم له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا ببینمه‌وه و بوێرانه پێداگرى له‌سه‌ر مافه ڕه‌واكانى گه‌له‌كه‌م بكه‌م''.




